وه‌رگێڕێكى كورد له‌ مووسڵ شه‌هيد بوو

له‌ گه‌ڕه‌كى مووسڵى كۆن، وه‌رگێڕى كورد به‌ختيار حه‌داد شه‌هيد بوو.

K24 – هه‌ولێر:

له‌ كاتى رووماڵكردنى ئۆپراسيۆنه‌كانى سوپاى عێراق له‌ گه‌ڕه‌كى مووسڵى كۆن، رۆژنامه‌نووس و وه‌رگێڕى كورد به‌ختيار حه‌داد شه‌هيد بوو.

ماوه‌ى دوو رۆژه‌ هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق توانيويانه‌ بچنه‌ ناو گه‌ڕه‌كى مووسڵى كۆن و شه‌ڕ و پێكدادانى نێوان هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و چه‌كدارانى داعش به‌رده‌وامه‌.

ئه‌مڕۆ له‌ ئاكامى ئه‌و شه‌ڕه‌دا، رۆژنامه‌نووس و وه‌رگێڕى كورد، به‌ختيار حه‌داد شه‌هيد بوو و هه‌روه‌ها دوو رۆژنامه‌نووسى ديكه‌ى فه‌ره‌نسى‌ بريندار بوون، كه‌ به‌ختيار حه‌داد وه‌ك وه‌رگێڕ كارى له‌گه‌ڵ ده‌كردن.

تيمێكى ته‌له‌ڤزيۆنى فرانس 2، كه‌ ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌يه‌كه‌ له‌ كوردستانه‌ بۆ رووماڵكردنى شه‌ڕى مووسڵ، ئه‌مڕۆ له‌ كاتى رووماڵكردنى شه‌ڕى گه‌ڕه‌كى مووسڵى كۆن به‌ هۆى ته‌قينه‌وه‌ى بۆمبێكه‌وه‌، هه‌ردوو رۆژنامه‌نووسى فه‌ره‌نسى ڤێرۆنيك رۆبێرت و ستيڤان ڤيلنۆڤ بريندار بوون و به‌ختيار حه‌داديش كه‌ وه‌ك وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵيان بوو، شه‌هيد بوو.

به‌ختيار خه‌ڵكى هه‌ولێره‌ و كوڕى نووسه‌رى كورد، دكتۆر عه‌بدوڵڵا حه‌داده‌. 

به‌ختيار پێشتر بۆ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك له‌ كونسوڵخانه‌ى فه‌ره‌نسا له‌ شارى هه‌ولێر كاريكردووه‌ و دواتر وه‌ك وه‌رگێڕ له‌گه‌ڵ تيمه‌ ميدياييه‌كاندا كارى كردووه‌.