خیانه‌تی كه‌ركووك، ئه‌ی شه‌نگال چی؟
پێش هه‌موو شت، خیانه‌ت چه‌مكێكی قانوونییه، ئێمه له كوردستان، هیچ یاسایه‌كمان نییه كه پێناسه‌ی خیانه‌تی نیشتمانی كردبێت و سزایشی بۆ دیاری كردبێت، ئه‌وه‌ی كه هه‌یه یاسای عێراقییه، جا ڕاده‌ستكردنی كه‌ركووك یان شنگال ته‌نانه‌ت هه‌ولێریش به به‌غداد، به پێی ئه‌و یاسا عێراقییانه، خزمه‌ته به عێراق و ئه‌وه‌ی "كاڵفام"ـه‌كان كردیان، له‌دیدی ئه‌م یاسایانه‌وه به خیانه‌ت دانانرێت!
كه‌واته گه‌ر وابێت، ئێمه ته‌نیا ده‌توانین قه‌زاواتێكی ویژدانی و نه‌ته‌وه‌یی بكه‌ین، به‌س نه‌خێر، ئه‌وان گه‌رچی خزمه‌تیان به عێراق و یاساكانی عێڕاق كردبێت، به‌ڵام له یاساكانی هه‌رێمی كوردستان لایانداوه و شه‌رعییه‌تی یاسایی هه‌رێمیان بن پێ خستووه، بۆیه ده‌بوو هه‌ر هه‌موویان به پێی یاسای سه‌ربازی دادگایی و گولـله‌باران بكرانایه!
به‌ڵام ئه‌وان له چی و له كامه شه‌رعیه‌ت و یاسا لایاندا؟ به پێی یاسای ژماره یه‌كی ساڵی 2005ـی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته سه‌ربازییه‌كان، فه‌رمانی هێرش و كشانه‌وه، ته‌نانه‌ت فه‌رمانی شه‌ڕ و ئاشتی، له ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی هه‌رێمدایه، ئه‌و سه‌رۆكه هه‌ر كه‌سێك بێت، له هه‌ر پارت و بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی بێت، ئه‌و كاته‌ی كه له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تییه، فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه چه‌كداره‌كانه!
بۆیه هه‌ر فه‌رمانێك بۆ هێرش، یان پاشه‌كشه به هێزی چه‌كدار، له ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمانی ئه‌م سه‌رۆكه، خیانه‌تێكی ڕوون و ڕه‌وان و لادانه له شه‌رعییه‌تی قانوونی هه‌رێمی كوردستان و ده‌خاڵه‌تكردنه له هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دادوه‌ری و كارگێڕی و یاسادانانیش، ئه‌مه هیچ شیكار و شرۆڤه‌یه‌كی فه‌لسه‌فی و هیچ چه‌ڵته‌چه‌ڵتێكی حیزبی هه‌ڵناگرێت!
تۆ چۆن نا‌توانیت له ماڵه‌كه‌ی خۆتان، به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ فه‌رمانی باوكت وه‌ك سه‌رۆكی خێزان، بڕیار له ڕووخان و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی حه‌مام و ته‌والێته‌كه‌تان بده‌یت، ئاواش له سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداریدا، كه‌س ناتوانێت به هه‌ر بیانوویه‌كه‌وه بێت، بڕیاری پاشه‌كشه به به‌شێكی هێزه چه‌كداره‌كان بدات، جا با سه‌ر به حیزبه‌كه‌ی خۆیشی بن!
كاتێك حه‌شدی شه‌عبی له 16ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2017 په‌لاماری كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی دا، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سعود مسته‌فا بارزانی بوو، شه‌ڕ ده‌كه‌ین یان ئاشتی، ده‌بوو ئه‌و سه‌رۆكه دوا بڕیار بدات، گه‌رنا جێگره‌كه‌ی!
به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمانی ئه‌م سه‌رۆكه‌وه، چه‌ند "كاڵ فامێك" كه هیچ پێگه‌یه‌كی فه‌رمی و حكومی، ته‌نانه‌ت هیچ پێگه و ئیعتیبارێكی سیاسی و حیزبیشیان نییه، ده‌چنه ناحیه‌ی ڕه‌شاد و له‌گه‌ڵ پاسداران و هێزه مه‌زهه‌بییه‌كان ڕێكده‌كه‌ون و ده‌رگای كه‌ركووكیان بۆ ده‌كه‌نه‌وه!
هه‌ر ئه‌م "كاڵ فامانه" به‌بێ هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی فه‌رمی، فه‌رمانی كشانه‌وه و پاشه‌كشه به سه‌رجه‌م ئه‌و هێزانه ده‌ده‌ن كه له‌ژێر كۆنترۆڵی حیزبه‌كه‌یاندایه، له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی تری ده‌شتی نه‌ینه‌واش، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ فه‌رمانی سه‌رۆكی هه‌رێم یان جێگره‌كه‌ی، كه هاوكات جێگری سكرتێری گشتی حیزبه‌كه‌ی خۆیان بوو، فه‌رمانی كشانه‌وه به هه‌موو هێزه‌كان ده‌ده‌ن!
كاتێك به‌شێك له پێشمه‌رگه‌كانی (یه‌كێتی!) له شنگال ده‌كشێنه‌وه، هیچ فه‌رمانێكی فه‌رمییان له سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه وه‌ك فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه چه‌كداره‌كان پێنه‌گه‌شتووه، گه‌رنا بڕۆن له هه‌ڵۆ پێنجوێنی بپرسن! به‌ڵكو به فه‌رمانی ئه‌و " كاڵفام"انه، سه‌نگه‌ره‌كانیان پێ چۆڵ ده‌كرێت! بۆیه پارسه‌نگی هێز له ته‌واوی سه‌نگه‌ره‌كاندا لاسه‌نگ ده‌كه‌ن و له‌دووره‌وه‌ش وه‌ك بێلایه‌ن سه‌یری هێرشه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ن و ڕێگه‌ش ناده‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌خۆیان ده‌ست بكه‌نه‌وه و شه‌ڕ بكه‌ن! بۆیه سه‌ركردایه‌تی سیاسی و ئیداری هه‌رێمی كوردستان، له دوا له‌حزه‌دا، ناچار ده‌بن له تێكڕای ناوچه‌كانی تریش بكشێنه‌وه!
لێره جه‌ده‌له‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه نییه كه هێزه‌كان ده‌بوو بكشانایه‌ته‌وه یان شه‌ڕیان بكردایه! به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه بۆچی كشانه‌وه له كه‌ركووك به خیانه‌ت ده‌زانین و له شنگال و مه‌خمور و ناوچه‌كانی تری ده‌شتی نه‌ینه‌وا به خیانه‌تی نازانین؟!
قسه‌كه لێره‌دا ته‌نیا شه‌رعییه‌ته، ئه‌گه‌ر ته‌واوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به فه‌رمانی سه‌رۆكی هه‌رێم بكشانایه‌ته‌وه، گه‌رچی هه‌ر وه‌ك ئێستا داخ له دڵ ده‌بووین و له ده‌ستدانی ئه‌و ناوچانه‌مان پێ ناخۆش ده‌بوو، به‌ڵام به خیانه‌ت دانه‌ده‌نرا و ده‌چووه خانه‌ی یاسایی و شه‌رعیه‌وه، ڕه‌نگه بمان وتایه باش بووه یان خراپ، یان له په‌رله‌مانیش وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم، لێپێچینه‌وه‌مان لێ بكردایه، یان لێی خۆش بووینایه!
تۆ ڕقت له بارزانییه كه‌یفی خۆته، به‌ڵام فه‌رمانی كشانه‌وه ته‌نیا له ده‌سه‌ڵاتی مه‌سعود بارزانی و جێگره‌كه‌یدا بوو كه كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ بوو، ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌مانه فه‌رمانیان دابایه به كشانه‌وه له هه‌ر جێیه‌ك، گه‌رچی فه‌رمانه‌كه‌شیان بێ پلان و بیركردنه‌وه و ته‌نانه‌ت خراپیش بووایه، هه‌ر پێی نه‌ده‌وترا خیانه‌ت، به‌ڵكو ده‌بووه هه‌ڵه و نه‌شاره‌زایی، بۆیه به‌ڵێ، كشانه‌وه له شنگال خیانه‌ت نه‌بوو، گه‌رچی خراپ و بێ به‌رنامه و ترسنۆكانه‌ش بوو بێت، به‌ڵام له كه‌ركووك خیانه‌تێكی بێ چه‌ند و چوون بوو، چونكه كه‌سانی نافه‌رمی و ناشه‌رعی بڕیاریان لێ دابوو!
"چه‌ند كاڵفامێك" كه هیچ پێگه‌یه‌كی سیاسی و فه‌رمییان نه‌بێت، ده‌ی مافی بڕیاردانیشیان نابێت، لێره‌دا نه‌ك هه‌ر خۆیان خیانه‌تكار بوون، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت ئه‌و پێشمه‌رگه و فه‌رماندانه‌ش خیانه‌تكار بوون كه فه‌رمانی ئه‌مانه‌یان جێبه‌جێكرد و چاوه‌ڕێی فه‌رمانی سه‌رۆكی باڵای هێزه چه‌كداره‌كان، یاخود جێگره‌كه‌ییان نه‌كرد كه له حیزبه‌كه‌ی خۆیان بوو!
بۆیه ئه‌نجامه یاساییه‌كه ئاوایه: ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌كێك له‌و "كاڵفام"انه سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بوونایه و هه‌ر یه‌كه له مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ده‌خاڵه‌تیان له كاره‌كانیان بكردایه! ده‌بوو وه‌ك خیانه‌تكار ناوی ئه‌وان بهاتایه نه‌ك كاڵفامه كوردی نه‌زانه‌كان، لێره پێگه قانوونییه‌كه بڕیار ده‌دات كێ خیانه‌تكاره‌و كوێش خیانه‌تی تیا كراوه، بۆیه به‌ڵێ كه‌ركووك خیانه‌ته و شنگال نا، دووز خیانه‌ته و موخمور نا !