بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان: لە دۆخێکی مەترسیدارداین

لەبەر چوار هۆکار
kurdistan24.net

K24 - چۆمان

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند 20 کەس لە سەنتەری قەزای چۆمان و ناحیەی حاجی ئۆمەران ئەنجامی پشکنینەکانی کۆرۆنایان پۆزەتیڤ بووە، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمانیش هۆشداری دەدات لەوەی "چۆمان لە دۆخێکی مەترسیداردایە".

چەند مانگێک تێپەڕدەبێت بەسەر راگەیاندنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەسنووری چۆمان یەکەم حاڵەت لە دوو رۆژی رابردوو تۆمارکرابوو، بۆیە ئەو ژمارە زۆرەی تووشبووان لەماوەی تەنیا دوو رۆژ، شۆک بوو بۆ بەرپرسان و خەڵکی ناوچەکە.

دکتۆر ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان 24 دەڵێ "لەدوای ئەوەی پزیشکەکەی حاجی ئۆمەران و ئەو پێشمەرگەیەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەوامی هەیە (کە گەڕاوەتەوە)، ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ دەرچوو، دەستمان بە گەڕان و وەرگرتنی سامپڵ کرد لە کەسە نزیکەکانیان، یان ئەوانەی نیشانەیان هەبوو.

20 تووشبووەکەی کۆرۆنا لە سەنتەری قەزای چۆمان و ناحیەی حاجی ئۆمەرانن، 17ـیان نێرن و سێیان لە رەگەزی مێن، دووانیان منداڵن و بەتەمەنترینیان 55 ساڵە، منداڵەکانیش تەمەنیان ساڵێک و هەشت مانگە و ئەوەی دیکەش دوو ساڵە.

دکتۆر ئەحمەد حەسەن جەخت دەکاتەوە لەوەی "ناتوانین بڵێین سەرچاوەی نەخۆشییەکە کێیە، چونکە لەگەڵ شکاندنی قەدەغەی هاتووچۆ، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار روویان لەو ناوچەیە کرد".

بەڕێوەبەری تەندروستیی چۆمان هۆشداریش دەدات "دەڤەری باڵەکایەتی زۆر هۆشیار بن و ترسێکتان هەبێت، چونکە ژمارەی تووشبووان زیاد دەبێت... چۆمان لە حاڵەتێکی مەترسیداردایە، لەبەرئەوەی بەرکەوتە هەیە، تووشبوو هەیە، کەسی بزریش هەن، نەخۆشەکان نیشانەشیان هەیە".

 

هـ.ر.