ئاری هه‌رسین: دوو ئیداره‌یی باشترن چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌یه
K24- هه‌ولێر:
ئاری هه‌رسین سه‌رۆكی فراكسیۆنی نه‌ته‌وه‌یی له په‌رله‌مانی كوردستان، له‌كاتی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان 24، له‌باره‌ی دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م دوو رۆژه‌ی دوایی جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و راستیه‌ی كه پێكه‌وه ژیان كارێكی ئه‌سته‌مه، ئه‌وا راگه‌یاندنی دوو ئیداره‌یی باشترین چاره‌سه‌ره بۆ دۆخی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان.
ئاری هه‌رسین گوتیشی، من له‌و باوه‌ڕه‌دام، ئه‌گه‌ر بكرێته دوو ئیداره‌یی، پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان ده‌توانن به‌داهاتی خۆیان بژێوی خه‌ڵكی دابین بكه‌ن. به‌بڕوای هه‌رسین ئه‌و پێشنیازه‌ی ناچێته قاڵبی دژایه‌تیكردنی یه‌كپارچه‌یی خاكی كوردستانه‌وه، چونكه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، ئه‌مه ده‌بێته خۆشه‌ویستی بۆ خواستی خه‌ڵك و، ده‌كرێت بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی سیسته‌می دووئیداره‌یی په‌یڕه‌و بكرێت، ئینجا له‌گه‌ڵ یه‌ك دابنیشن و گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌گه‌ره‌كانی دووباره پێكه‌وه‌ژیان بكه‌نه‌وه.
هه‌رسین ئاماژه‌ی به جیاوازی دۆخی نێوان ئه‌مدیو ئه‌و دیوی دێگه‌ڵه‌شكرد و گوتی، جیاوه‌زیه‌كی گه‌وره له‌نێوان هه‌ردوو ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه بۆئه‌وه‌ی كه پێكه‌وه‌ژیان ره‌تكراوه‌ته‌وه و له‌ئێستادا دوو ئیداره‌یی باشترین بژارده‌یه.