عەرەبە هاوردەکان واز لە جووتیارانی کورد ناهێنن

رێگایانپێدراوە زەوی کورد داگیر بکەن

 

K24- هه‌ولێر:

فشاری عەرەبە هاوردەکان لەسەر جووتیارانی کورد بە پاڵپشتی راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک بەردەوامە و لەنوێترین هەوڵیشیاندا بەڕێوەبەری کشتووکاڵی کەرکووک بەوەکالەت، داوای لە بەڕێوەبەری کشتووکاڵی سەرگەڕان و بەڕێوەبەری شارەدێیەکە کردووە پاڵپشتی عەرەبە هاوردەکان بکەن لە لێسەندنەوەی خاوەندارێتی  زەوی جووتیارانی کورد لەسنوورەکە.

دواتر لە دوو نووسراوی جیادا کە دەست کوردستان24 کەوتووە، هەریەک لە بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان و بەڕێوەبەری کشتووکاڵی سەرگەڕان، پشتگیری عەرەبە هاوردەکان دەکەن و داوا لە پۆلیس دەکەن رێگری لە کێڵان و بەکارهێنانی زەوی جووتیارانی کورد لە هەریەک لە گووندەکانی پەڵکانە و شناغە و خەرابە و سەرگەڕان بکەن کە جووتیارە کوردەکانیان بە زیادەڕۆ ناوبردووە و عەرەبە هاوردەکانیش بەخاوەن زەوی مامەڵەکردن و بەکارهێنانی زەویەکانیان ڕابگرن.

داواشیان لە مووختاری ئەو گووندانە کردووە بە جووتیارانی کورد بڵێن دەست لەو زەویانە هەبگرن تا ئەوکاتەی گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان تازە دەکرێنەوە، داواشکراوە لەڕێگەی پۆلیسی سەرگەڕانەوە ئەمکارە جێبەجێبکرێت.

هەر ئەمڕۆ دوای پشتگیریکردنیان، عەرەبە هاوردەکان چوونەتە سەر ئەو زەویانە و بەجووتیارانی کوردیان وتووە دێینەوە سەر زەویەکان و پشتگیری وەرگرتنەوەیمان بۆکراوە.

لەهەفتەی ڕابردووشدا، راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک بەنووسراێکی نهێنی داوای لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک کرد هاوکاری عەرەبە هاوردەکان بن بۆ داگیرکردنی خانوو و زەوی و هاوڵاتیانی کورد لەگووندی پەڵکانە، بەڵام دوای سەردانیکردنی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق بۆلای سەعد حەربییە و وەرگرتنی بەڵێن لێی کە ئەوان دەستوەردان لە کێشەی زەوی و زاری جووتیارانی سنووری کەرکووک ناکەن، دوای بێ ئومێدبوونیان ئێستا دەیانەوێت ئیشەکە بە پۆلیس بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24یش پۆلیسی سەرگەڕان بۆماوەی چەند ڕۆژێک جێبەجێکردنی داواکارییەکە دوادەخەن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە.