له راوشكاره‌وه تا دونیای ئه‌لیكترۆنیات و په‌یوه‌ندییه‌كان، گه‌شتێك به‌ناو سه‌ركێشیدا
به‌شی دووه‌م
چه‌ند سه‌ده‌یه‌كه به‌شێك له وڵاتانی رۆژئاوا له خۆشگوزه‌رانی و گه‌شه‌دان، ئه‌وه نه ته‌نها ده‌ره‌نجامی چانس و به‌خته، نه به‌رهه‌می راكشانه له بن دیواری ته‌مه‌ڵی و گه‌نده‌ڵی، نه زاده‌ی نزاكردنه بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی خاو، به‌ڵكو پتر له‌هه‌موو شتێك به‌رهه‌می به‌گه‌ڕخستنی عه‌قڵ و ماندووبوونی جه‌سته و سه‌ركێشی و وه‌به‌رهێنانی سه‌رمایه و دارایی و قوربانیی به‌رده‌وام و قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كانه.
گوزارشت لێ‌كردن و خستنه‌ڕووی بڕێكی شیاو له مێژوو و چیرۆكه‌كانی پشت ئه‌و نهێنییه، به‌هیچ كتێب و فیلمێك مافی ته‌واوی پێ‌نادرێت، چ جای به وتارێكی كورت، هه‌ر بۆیه ئه‌وه‌ی لێره و له پاشتریشدا ده‌یخوێنیته‌وه، ته‌نها دڵۆپێكه له ده‌ریایه‌ك و مشتێكه له خه‌روارێك.
ئابووریناس و بیرمه‌ندی پۆڵه‌ندی (Grzegorz w. kolodko) له كتیبی (راستی و هه‌ڵه و درۆكان)دا باس ده‌كات چۆن گه‌شه و خۆشگوزه‌رانی چه‌ند سه‌ده‌ی باكووری رۆژئاوای ناوه‌ڕاست له ئه‌مەریكا، سه‌ره‌تا به‌رهه‌می فراوانبوون و په‌ره‌سه‌ندنی بازرگانی فه‌رووی ئاژه‌ڵ و كاڵای تر بوو، پاشتر بە تێپه‌ڕینی كات، كشتوكاڵ و چاندنی دانه‌وێڵه‌ی زیاتر، جێگه‌ی ئه‌و بازرگانیه‌ی گرته‌وه، له‌وه‌دا ئه‌و كارگه و ئاشه گه‌ورانه‌ی له دامێنی تاڤگه‌كانی ڕووباری مسیسبی دروستكران، چه‌ند ڕۆڵی گه‌وره‌یان گێڕا، كاتێك دوا كارگه و ئاشیش له ساڵی 1965 له كاركردن ڕاوه‌ستا، كارگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئۆتۆمبێلی كۆمپانیای فۆرد هه‌لی كاری بۆ زۆربه‌ی كرێكارانی بێكاربوو دابین كرد و درێژه‌ی به ئه‌ڵقه‌یه‌كی تری زنجیره‌ی گه‌شه‌دا، ئه‌وه‌یش بۆ زیاتر له چوار ده‌یه به‌رده‌وام بوو، تاكو له ساڵی 2007 به‌هۆی كێبه‌ركێی كۆمپانیای تۆیۆتاوه، فۆرد هێڵه‌كانی له‌كار راگرت و كارگه‌كه له‌وێ داخرا، ئیدی كاتی رووكردنه پیشه‌سازی ئه‌لیكترۆنیاتی ئاست به‌رز و گه‌شه‌ی ئه‌و كه‌رتانه هات، كه پشت به مه‌عریفه ده‌به‌ستن له بواری په‌یوه‌ندی و فێركردن و توێژینه‌وه و په‌ره‌پێدان.
مێژوو بۆمان ده‌گێڕێته‌وه، له پشت هه‌ریه‌ك له‌و هه‌نگاو و گۆڕانانه‌وه هه‌وڵ و ماندوبوون و پلان و راهێنان و سه‌ركێشیی زۆر و چه‌ندین چیرۆكی راسته‌قینه و نه‌به‌ردی سه‌رنجڕاكێش هه‌ن، كه ئێمه ته‌نها له فلیمه‌كاندا نموونه‌ی هاوشێوه‌یانمان بینیووه، لێره‌یشدا ده‌توانین ته‌نها چمكێكیان بخه‌ینه به‌رچاو.
با سه‌ره‌تای چیرۆ‌كه‌كان به باسی بارزگانیی پێستی سمۆره ده‌ستپێبكه‌ین (قندس، Castor، Beaver گیانه‌وه‌رێكه له ئاوه‌كاندا ده‌ژی، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به خێزانی سمۆره‌كانه، هه‌ر بۆیه ئێمه لێره‌دا ناوی سمۆره‌ی بۆ به‌كار ده‌هێنین)، دانی رۆدریك به‌م شێوه‌یه ده‌ست به‌گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكه راسته‌قینه‌كه ده‌كات:
له 17ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1671دا، قاوه‌خانه‌ی جاراوای كه ناوه‌ندێكی به‌ناوبانگ بوو بۆ پێشوازیكردن له بازرگانه‌كانی له‌نده‌ن به ڕاگه‌یاندنێكی تایبه‌ت و نوێ پێشوازیی له سه‌ردانیكه‌رانی كرد، به‌م جۆره (له پێنجی دیسه‌مبه‌ری داهاتوو له هۆڵه گه‌وره‌كه‌ی قاوه‌خانه‌كه زیادكردنێك ئه‌نجام ده‌درێت بۆ فرۆشتنی 3000 باری گه‌وره‌ی پێستی سمۆره، كه خاوه‌ندارییه‌كه‌یان بۆ كۆمپانیای بازرگانه سه‌ركێشه‌كانی هدسۆن بای ده‌گه‌ڕێته‌وه).
بایه‌خدانی بازرگانه‌كان به كڕین و فرۆشتنی پێستی سمۆره رووداویكی راگوزه‌ر نه‌بوو، راگه‌یاندنی زیادكردنه‌كه‌یش به‌هه‌مانشێوه رووداوێكی كتوپڕ و بێ پێشینه و ئاسان نه‌بوو. پێستی سمۆره كه به‌باشترین كه‌ره‌سته‌ی دروستكردنی فه‌روو داده‌نرا، له سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا خواست له‌سه‌ری یه‌كجار زۆر بوو، ئه‌وه‌نده جێگه‌ی بایه‌خ بوو پاشا چارلسی یه‌كه‌م له ساڵی 1638دا بڕیاریدا كه جگه له‌و جۆره پێسته هه‌موو كه‌ره‌سته‌كانی تر له پیشه‌سازی دروستكردنی كڵاودا قه‌ده‌غه بكرێن. ئه‌مه‌یش له كاتێكدا بوو، كه له‌نده‌ن نه ناوچه‌یه‌كی چالاك بوو له بواری بازرگانی پێسته و نه شوێنیكی فراوانی به‌فه‌ڕیش بوو بۆ راوی سمۆره، له سه‌رووی ئه‌وه‌یشه‌وه، هه‌ڵمه‌تی راوكردنی چڕوپر و بێبه‌زه‌ییانه، ته‌نگی به‌ژماره سمۆره‌كان هه‌ڵچنی بوو، نرخی پێسته‌كه‌یانی به‌رز كردبووه‌وه.
چۆن ئه‌و بڕه زۆره‌ی خواست دابین بكه‌ن؟ چۆن رێگه‌ی بازرگانیی بۆ بدۆزنه‌وه؟ ئه‌مه هۆكاری دروستبوونی چیرۆكی سێ بازرگانه سه‌ركێشه‌كه بوو، ئه‌وان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته رێگه‌ی گه‌شته‌كانیان به‌ره‌و دارستانه‌كانی باكوور له ناوچه‌ی كه‌ناراوه‌كانی كه‌نداوی هەدسۆن گرته‌به‌ر، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا، ده‌ستیان گه‌یشت به كۆنترۆڵكردنی ئه‌و بازرگانییه به‌سووده و دامه‌زراندنی كۆماپانیای هەدسۆن، كه سه‌رده‌مانێك رۆڵی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره‌ی ده‌گێڕا.
به‌ر له‌وه‌ی بچینه سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی سێ بارزگانه سه‌ركێشه‌كه، با بزانین ئاخۆ كه‌نداوی هەدسۆن كه ده‌كه‌وێته باكووری رۆژهه‌ڵاتی كه‌نه‌دا، خۆی ناوچه‌یه‌كی كراوه و دۆزراوه‌ی بێ ئه‌رك بووه، یان له پشت دۆزینه‌وه‌ی ئه‌ویشه‌وه، چیرۆكێك له هه‌وڵ و ماندووبوون و سه‌ركێشی و قوربانیدان هه‌یه؟
لێره‌دا وه‌ك ناوبڕێك گێڕانه‌وه‌كه‌ی رۆدریك به‌جێدێڵین و كه‌مێك ده‌گه‌ڕێینه دواوه و رووده‌كه‌ینه گێڕانه‌وه مێژووییه‌كان ده‌رباره‌ی دۆزینه‌وه‌ی كه‌نداوی هەدسۆن.
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌دا، ئه‌وروپییه‌كان له كێبه‌ركێدا بوون بۆ دۆزینه‌وه‌ی باشترین و كورتترین رێگا به‌ره‌و ئاسیا و هیند و چین، هێنری هەدسۆن كه گه‌نجێكی پێگه‌یشتووی ئینگلیز بوو، ئه‌و ده‌ریاوانه به توانا و سه‌ركێشه بوو، كه هه‌رسێ ته‌نگه و كه‌نداو و رووباری هەدسۆنی دۆزیه‌وه و به‌ناوی خۆیه‌وه ناونران و خۆیشی له دواگه‌شتی دۆزینه‌وه‌كه‌دا، بووه قوربانی و نه‌گه‌ڕایه‌وه.
ئه‌و له ماوه‌ی پێنج ساڵدا، چوار گه‌شتی دوور و درێژی ئه‌نجامدا و زۆرینه‌ی كاته‌كانی ژیانی ئه‌و پێنچ ساڵه‌ی له‌و گه‌شتانه‌دا به‌سه‌ربرد، كه هه‌ریه‌كێكیان چه‌ند وه‌رزێكی ده‌خایاند، هه‌رجاره و كۆمه‌ڵێك له بازرگانه‌كانی ئینگلتەرا، یان هۆڵه‌ندا له دابینكردنی كه‌شتی و تفاق و دارایی پێویستدا هاوكاری بوون، هه‌ر جاره‌و له‌گه‌ڵ گرووپێك له ده‌ریاوانی هاوڕێی چه‌ند مانگێكیان به سه‌ركیشی له‌ناو سه‌رما و سۆڵه و برسیه‌تی و نه‌خۆشیدا به‌سه‌ر ده‌برد، رووبه‌ڕەوی دڕنده و نه‌هه‌نگه‌كان ده‌بوونه‌وه، له‌گه‌ڵ هیندی و ئه‌مه‌ریكیه ره‌سه‌نه‌كان تووشی شه‌ڕ و پێكداهه‌ڵچوون ده‌بوون و قوربانیان ده‌دا، زوو زوو و بۆ ماوه‌ی دوور و درێژ رێگەیان لێ ون ده‌بوو، سه‌هۆڵبه‌ندان رێگه‌ی لێ ده‌گرتن، به‌ربه‌ست و شاخه سه‌هۆڵییه‌كان ناچار به‌گه‌ڕانه‌وه و رێگۆڕكێی ده‌كردن، تووشی ده‌ستگیركردن و دادگاییكردن ده‌هاتن، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر مكوڕ بوون له به‌رده‌وامیدان به‌كاره‌كه‌یان و زیادكردنی هه‌وڵه‌كانیان و نه‌خشه‌كێشانی هه‌موو ئه‌و رێگەو رێڕه‌و و دیمه‌نانه‌ی، كه ده‌یانبینین به‌هیوای گه‌یشتن به ئامانجی دۆزینه‌وه رێگە نوێیه‌كه.
یه‌كه‌مین گه‌شتیان له‌ساڵی 1607 ده‌ستیپێكرد، چواره‌مینیش له ساڵی 1910، له ساڵی 1911یشدا هه‌ر سێ رووبار و ته‌نگه و كه‌نداوی هەدسۆنیان دۆزیه‌وه، بەڵام هه‌ر له‌و گه‌شته‌دا، خودی هێنری هەدسۆن و كوڕه گه‌نجه‌كه‌ی و حه‌وت له هاوڕێ دڵسۆزه‌كانی به‌ر له گه‌ڕانه‌وه‌یان له‌سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵێك له ده‌ریاوانه هاوڕێكانیان، كۆتایی به‌ژیانیان هێنرا.
دۆزینه‌وه‌ی كه‌نداوی هەدسۆن و ئه‌و رێگە و رێڕه‌وانه، هۆكاری بنه‌ڕه‌تیی درووستبوونی كۆمپانیای هەدسۆن و بازرگانی گه‌وره‌ی پێستی سمۆره و فه‌روو بوون به گشتی.
ئێستا با بگه‌ڕێنه‌وه بۆ قاوه‌خانه‌كه‌ی جاراوای و بۆ سه‌ره‌تای چیرۆكه‌كه‌مان، بابزانین ئه‌و هه‌موو باره زۆره‌ی پێستی سمۆره، چۆن رێگه‌یان بڕی و گه‌یشتنه جاراوای، چۆن كۆمپانیای هەدسۆن دامه‌زرا.
بۆ ئه‌وه‌ی به كورتی پوخته‌ی ماجه‌رای چیرۆكه‌كه بخه‌ینه‌ڕوو، ته‌نها كه‌مێك باسی به‌سه‌رهاتی سێ بازرگانه سه‌ركێشه‌كه ده‌كه‌ین.
ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی له‌نده‌ن ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك بوو یان ده‌بوو رازیبن به جۆره فه‌رویه‌ك كه كوالێتیی خراپتر بێت، یان به تێچوویه‌كی زۆر و نرخێكی گران له بازرگان و شار و وڵاتانی تره‌وه به‌ده‌ستیی بێنن.
(رادیسۆن) و (گرۆسیلیز) دوو راوچی سه‌ركێشی به ڕه‌گه‌ز فه‌ره‌نسی بوون، به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت كاری بازرگانی فه‌رووه‌یان ده‌كرد له ده‌ورووبه‌ری باكووری هه‌رێمی كیبیك، كه ده‌وكه‌وێته ناو ده‌وڵه‌تی كه‌نه‌دای ئێستاوه، له‌و كاته‌یشدا فه‌ره‌نسا بازرگانییه‌كی پڕقازانجی ده‌كرد له رێگه‌ی كڕینی فه‌رووی سمۆره له ئه‌مریكییه ره‌سه‌نه‌كان، ئه‌مریكییه ره‌سه‌نه‌كان سمۆره و پێسته و فه‌روویان ده‌هێنا بۆ ئه‌و وێستگه بازرگانیانه‌ی كه فه‌ره‌نسییه‌كان دروستیان كردبوو، له‌وێ ده‌یانگۆڕییه‌وه به چه‌كی ئاگرین و خواردنه‌وه‌ی كحولی، ئه‌م بازرگانییه به‌پێی فه‌لسه‌فه‌ی باوی ئابووریی ئه‌وكات، كه ڕێبازی مێركه‌نتالی بوو، به جۆرێكی وا به قۆرخكاری به‌ڕێوه ده‌برا كه زۆرترین قازانجی بۆ فه‌ره‌نسا هه‌بێت.
ڕادیسۆن و گروسیلیز هه‌وڵیان ده‌دا ئاراسته‌ی گه‌شته‌كانیان له دارستانه‌كانی باكوور نزیك كەناراوه‌كانی هەدسۆنه‌وه زياتر به‌ره و قووڵایی ئه‌و ناوچانه ببه‌ن، كه ئه‌مەریكییه ره‌سه‌نه‌كان تێیدا نیشته‌جێ ببوون و هێشتا كه‌س ڕێی نه‌كه‌وتبووە ئەوێ، به‌ڵام له‌لایه‌ن حكومه‌تی فه‌ره‌نسیه‌وه ڕووبه‌ڕووی سزای دارایی و به‌ندكردن بوونه‌وه له به‌رامبه‌ر بازرگانیكردنی بێ مۆڵه‌ت له‌و ناوچه‌یه، ماوه‌یه‌كیشیان له زیندان به‌سه‌ر برد.
پاش ئه‌وه ناچار بوون به دوای هاوكاری و پشتگیری و سپۆنسه‌ری نوێ‌دا بگه‌ڕێن، روویان كرده له‌نده‌ن، هه‌وڵی پێویستیان دا بۆ بینینی پاشا چارلسی دووه‌م، له‌وه‌یش گرنگتر توانیان سه‌رنجی شازاده رۆبه‌رتی خوشكه‌زای پاشا رابكێشن، كه ئه‌ویش پاڵه‌وانی سێیه‌می چیرۆكه‌كه‌یه، ئه‌ویش سه‌ركێشكار و هونه‌رمه‌ند و به‌هره‌دارێكی ته‌واو بوو، له ئینگلته‌را و ئه‌وروپا و ده‌ریای كاریبی بەشداری جه‌نگی كردبوو.
پلانیان دانا بۆ دروستكردنی رێگایه‌كی ده‌ریایی له ئینگلته‌راوه به ڕێی باكووری زه‌ریای ئه‌تڵه‌سیدا به‌ره‌و كه‌نداوی هەدسۆن، به‌مه‌یش ده‌یانتوانی دوور له ده‌سه‌ڵاتی فه‌ره‌نسییه‌كان، خۆیان راسته‌وخۆ بگه‌نه خێڵه هیندییه‌كانی باكوور، بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه هیچ حكومه‌تێكی ئه‌وروپی ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا رانه‌گه‌یاندبوو، كاره‌كه زۆر مه‌ترسیدار بوو، تێچوویه‌كی زۆریشی ده‌ویست، سه‌باره‌ت به پێداویستییه‌كانی پاراستن و پاڵپشتی دارایی، شازاده رۆبه‌رت له پێگه‌یه‌كدا بوو ده‌یتوانی دابینی بكات.
له‌ساڵی 1667 ده‌ستیان به گه‌شته‌كانیان كرد، هه‌موو ئه‌و ئازار و سه‌ختی و گرفت و ده‌رده‌سه‌ریانه‌ی رووبه‌رووی گه‌شته‌كانی هەدسۆن بوونه‌وه به‌زیاده‌وه رووبه‌ڕووی ئه‌مانیش بوونه‌وه، ده‌ستیان دابووه سه‌ركێشیكردن به گیان و دارایی خۆیان بۆ گه‌یشتن به هیندییه‌كان له رێگه‌یه‌كی ده‌ریایی نوێوه و گه‌یشتن به‌كلیلی بازرگانیی پێستی سمۆره، بۆ ئه‌وه‌یش ده‌بوو به درێژایی كه‌نداوی هەدسۆن و له كه‌شوهه‌وایه‌كی ئه‌وپه‌ڕی سه‌ختدا، وێستگه‌ی بازرگانی بنیاتبنێن و پاسه‌وان و كرێكار و سه‌رپه‌رشتیاری پێویستی بۆ دابین بكه‌ن، ده‌بوو ناوچه وشكانییه‌كانی ناوه‌وه بدۆزنه‌وه و بگه‌نه هیندییه‌كان، ده‌بوو كه‌ناڵی په‌یوه‌ندی بدۆزنه‌وه و متمانه دروست بكه‌ن و باوه‌ڕ به هیندییه‌كان بێنن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه مه‌رامیان ته‌ندروسته، ده‌بوو لێكۆڵینه‌وه‌ی بازاڕ بكه‌ن و بزانن هیندییه‌كان چ شتێك ده‌كڕن به‌رامبه‌ر به فه‌روو، له سه‌رووی ئه‌مانه‌یشه‌وە پێویست بوو ژینگه‌یه‌كی ئارام و گەره‌نتیكراو بۆ په‌راوه‌كردنی ئه‌و بازرگانییه دابین بكه‌ن.
به‌ده‌ربڕینێكی تر له‌سه‌ر بازرگانه سه‌ركێشه‌كان بوو وه‌به‌رهێنانێكی گه‌وره له ژێرخانی بازرگانیدا بكه‌ن، هه‌ر له ئامرازەكانی گواستنه‌وه و بواری لۆجستی و گه‌یاندنه‌وه، تاكو بنیاتنانی متمانه و یاسا و سیسته‌م و مه‌رج پێویستی و ژینگه‌ی پێویست بۆ كاری بازرگانی و.. هتد، واته ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریان بوو بیكه‌ن ته‌نها له توانای ده‌وڵه‌تاندا هه‌بوو.
ئه‌وان له‌هیچ یه‌ك له مه‌ترسی و به‌ربه‌سته‌كان سڵیان نه‌كرده‌وه و له‌سه‌ركێشیكردن به‌رده‌وامبوون و قوربانی گیانی و دارایی زۆریاندا، تاكو دواجار به‌سه‌ر هه‌موو گیروگرفته‌كاندا زاڵبوون، به‌ر له دامه‌زراندنی كۆمپانیای هەدسۆن، له گه‌شتی ساڵی 1688 كه‌شتیه‌كه‌ی ڕادیسۆن به‌هۆی سه‌ختیی باو بۆران و ڕه‌شه‌باوه ناچار بو بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئینگلته‌را، به‌ڵام گرۆسیلیز و گرووپه‌كه‌ی كه له‌كه‌شتیه‌كی تردا بوون، پاش چوار مانگ گه‌یشتنه كه‌ناره‌كانی كه‌نداوی هودسۆن، زستانێكی ته‌واویان له ناوچه‌كه به‌سه‌ر برد و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هیندییه‌كان دروستكرد، له ئۆكتۆبه‌ری 1669 به بڕێكی زۆر له فه‌رووه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ ئینگلته‌را، ئیدی له ساڵی 1670 پاشا مۆڵه‌تی به رۆبه‌رت و هاوڕێكانی دا بۆ دامه‌زراندنی كۆمپانیایه‌ك كه پاشتر به كۆمپانیای هەدسۆنز بای ناسرا، هه‌ر ئه‌و كۆمپاینایه بوو، كه له ساڵی 1671 له قاوه‌خانه‌كه‌ی جاراوا نزیكه 3000 باری گه‌وره‌ی پێستی سمۆره‌ی خسته زیادكردنی بازرگانییه‌وه، كۆمپانیاكه ئیمتیازیی بازرگانیی له ناوچه‌كه و زۆر ئیمتیاز و ده‌سه‌ڵاتی تری پێدرا، ماوه‌یه‌كی زۆر هێنده‌ی ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره ڕۆڵی هه‌بوو.
به‌و جۆره بازرگانیی فه‌روو سه‌رده‌مانێك بۆ ئینگلیز و سه‌رده‌مانێكیش بۆ باكووری رۆژئاوای ئه‌مەریكا و كه‌نه‌دا، ببووە هۆكارێكی گرنگی چالاكبوونی بزاوتی بازرگانی و گه‌شه‌ی ئابووری. بێگومان چیرۆكی چوونه پێشه‌وه له هه‌ریه‌ك له بواره‌كانی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و ئه‌لیكترۆنیاتیش به‌هه‌مان شێوه پڕه له‌سه‌ركێشی و پلان و ژیری و وه‌به‌رهێنان و قوربانیدان.
* پسپۆڕی ئابوری و دارایی گشتی