ئاشوورییه‌كی كوردستانی بۆ وڵاته‌كه‌ی ژیا
K24 – هه‌ولێر:
به‌یانییه‌كی زووی رۆژی 18/2/2001 وه‌ك رۆژه‌كانی پێشوو به كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی به‌ره‌و باره‌گای لقی2 ی پارتی دیموكراتی كوردستان له هه‌ولێرده‌ڕۆیشت، ئه‌و رۆژه جیاواز بوو بۆ فڕه‌نسۆ هه‌ریری سه‌ركرده‌ی پارتی و خۆی بۆ به‌شداریكردنی ئاهه‌نگی ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی حزبه‌كه‌ی ئاماده‌كردبوو، به‌ڵام گروپێكی چه‌كداری سه‌ر به ره‌وتێكی توندڕه‌وی ئیسلامی له كوردستان، له‌سه‌ر شه‌قامی 60 مه‌تری شاری هه‌ولێر بۆسه‌یه‌كیان بۆ دانابووه‌وه و تیرۆریان كرد.
ئه‌و رۆژه هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ولێر كه فرانسۆ هه‌ریری له ناویاندا زۆر دیار و خۆشه‌ویست بوو، شۆك به‌رۆكی گرتن و زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستانیش هاوشێوه بۆ تیرۆركردنی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ره‌شپۆش بوون و ناڕه‌زایه‌تی و ده‌نگی دژه تیرۆری خه‌ڵك كوچه و كۆڵانه‌كانی شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستانی ته‌نیبووه‌وه.
فڕه‌نسۆ هه‌ریری به نه‌ته‌وه ئاشووری و به ئایین كریستیان بوو، به‌ڵام له سه‌رده‌می لاوێتییه‌وه چه‌كی بۆ خه‌باتكردن دژی چه‌وسانه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه كردبووه شان و یه‌كێك له‌و پێشمه‌رگانه‌بوو كه له مسته‌فا بارزانی رابه‌ری بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستانه‌وه زۆر نزیكبوو.
له ساڵانی خه‌باتی شاخ و شاردا رۆڵێكی دیاری هه‌بووه و له‌ناو حزبه‌كه‌ی و خه‌ڵكی كوردستان ناسراو بوو، به‌تایبه‌تی له‌و پله و پۆستانه‌ی دوای راپه‌ڕین وه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مان و پارێزگاری هه‌ولێر و به‌رپرسی لقی2 وه‌ریگرت، زیاتر فڕه‌نسۆ هه‌ریری له خه‌ڵك نزیككرده‌وه و خه‌ڵكی هه‌ولێر هێشتا خزمه‌ت و یادگاره‌كانی ئه‌ویان بیرنه‌چووه‌ته‌وه و دیارترینیشیان یاریگا به ناوبانگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌ی هه‌ولێره كه فرانسۆ هه‌ریری له شاره‌كه‌دا درووستیكرد و دوای تیرۆركردنیشی به ناوی خۆیه‌وه كرا.
تیرۆركردنی فڕه‌نسۆ هه‌ریری وه‌ك راچه‌نینێك بوو دژی ئه‌و گروپ و ده‌سته و تاقمانه‌ی ئه‌و كاتانه ببوونه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه و له ژێر ناوی ئاییندا كار و كرده‌وه‌ی تیرۆریستیان ئه‌نجامده‌دا، هه‌ر بۆیه دوای شه‌هیدكردنی فڕه‌نسۆ هه‌ریری به‌ره‌ی خه‌ڵك دژی تیرۆر پته‌وتر بوو، خه‌ڵكی كوردستان زیاتر له مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر تێگه‌یشتن و باشتر ده‌ستیانكرد به‌هاوكاریكردنی هێزه ئه‌منییه‌كانی كوردستان.
تیرۆركردنی فڕه‌نسۆ هه‌ریری له ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستانیش ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو، ماوه‌یه‌كی زۆر پرسه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ فرانسۆ هه‌ریری دانرا و چین و توێژه جیاوازه‌كان له هه‌موو ئاسته‌كاندا به هوتافكێشان دژی تیرۆركردنی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی پارتی خۆیان ده‌گه‌یانده شوێنی پرسه‌كه كه له هۆڵی زه‌ردی شاری هه‌ولێر دانرابوو و سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌و شوێنه‌دا پێشوازییان له ئاپۆڕای خه‌ڵكی پرسه‌بار ده‌ركرد.
كورته‌یه‌ك ده‌رباره‌ی شه‌هید فرانسۆ هه‌ریری
فڕەنسۆ تۆما ھەریری 16 ساڵ بەر لە ئێستا لە رۆژی 18 شوباتی 2001 لەكاتی رویشتن بۆ سەر كارەكەی لە شەقامی 60 مەتری ھەولێر لە لایەن گرووپێكی توندرەوی ئیسلامی تیرۆر كرا، پێشتر دوو جار لە ساڵانی 1994 و 1997 لە ھەوڵی تیرۆركردن رزگاری ببوو.
فڕەنسۆ ھەریری لە ساڵی 1937 لە ناحیەی هه‌ریر سەر بە پارێزگای ھەولێر لە بنەماڵەیەكی كریستیانی ئاشوری لە دایكبوو.
دەرچووی "دار المعلمين"ی ھەولێرە لە ساڵی 1960 و لە سەرەتاكانی دەیەی 60 سەدەی رابردوو لە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كاری كردووە و ھەروەھا مامۆستای بیركاری بووه و كه‌سێكی وه‌رزشوان و وه‌رزشدۆست بوو و یاریزانێكی باش بوو.
هەریری لە كەسە نزیكەكانی بارزانیی نەمر بوو و چەندین بەرپرسیارێتی گرنگی لە ناو پارتی و شۆرشی كورد لە كاتە جیاوازەكاندا ھەبوو.
پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1975 وەك ھەزاران پێشمەرگە و بنەماڵەكانیان ئاوارەی ئێران بوو. لە ساڵی 1979 بە ئەندامی یەدەكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان ھەڵبژێردرا و دواتر لە كۆنگرەكانی 11 و 12 بە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردرایەوە.
لە ماوەی ژیانی پێشمەرگاتی و سیاسی چەندین بەرپرسیارێتی حزبی و حكومی لە قوناغە جیاوازەكاندا پێ‌سپێردرا، لەوانە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، پارێزگاری ھەولێر و وەزیری كابینەی سێیەمی حكومەتی ھەرێم و دواجاریش بەرپرسی لقی دووی پارتی بوو.
ماوەی چەندین ساڵیش بەرپرسی مەكتەبی ناوەندی پەیوەندییە نیشتمانی و كوردستانییەكانی پارتی بوو.
هەریری سەرباری ئەوەی سیاسەتمەدارێكی سەركەوتوو و خاوەن بیرۆكە بوو، رۆڵێكی بەرچاوی لە پێشخستنی كەرتی وەرزش لە ھەرێمی كوردستان ھەبوو و پشتیوان و ھاندەری وەرزشوانان و لاوان بوو و یارمەتی دەدان. بۆ بەدەستھێنانی مافەكانیان و بەرپرسیاری یەكەمی نۆژەنكردنەوە و فراوانكردنی یاریگای وەرزشی ھەولێر بوو و پارەیەكی زۆریشی بۆ وەرزش و وەرزشوانان خەرجكرد. بەشداری لە زۆرێك لە پرۆژە و چالاكییەكانی جوانكاری و مۆدێرنیزەكردنی شاری ھەولێری كرد و بە پشتیوانێكی بە ھێزی پرۆژەكانی پەرەوەردە، تەندروستی و وەرزشی لە ھەولێر داده‌نرا. دوای شەھیدبوونیشی ھیچ خانوو و زه‌وییه‌ك یان حسابێكی بانكی بە ناویه‌وه نەبوو.
ئەوەی كە بەدوای خۆی بەجێھێشت ناسناوی پێشمەرگە و مێژوویەكی پڕشنگدار لە خۆشەویستی بۆ جەماوەر، وەرزشوانان، ھونەرمەندان، قوتابیان و لاوان بوو.
تەرمی شەھید فڕەنسۆ دوو رۆژ دوای شەھیدكردنی لە رۆژی 20 شوباتی 2001 لە شوێنی لە دایكبوونی لە شاره‌دێی ھەریر بە بەشداری زیاتر لە نیو ملیۆن كەس بە خاكسپێردرا.
سێ رۆژ دوای شەھیدكردنی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ناوی یاریگای وەرزشی ھەولێری گۆڕی و كردی بەناوی یاریگای نێوده‌وڵه‌تی شه‌هید فره‌نسۆ ھەریری بەناو كرد.