هەڵسەنگاندن بۆ فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی (ETYMOLOGY)

Kurd24

لە ناوەڕاستی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بۆیەکەمجار لە مێژووی زمان و ئەدەب و فەرهەنگنووسی کوردی، برای بەڕێزم  عەلی نانەوازادە بەرگی یەکەمی (فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی) پیتەکانی (ئا - ب) بە ٦٩٢ لاپەرە بە قەبارەی  ١٦ x ٢٤ لە ستۆکهۆڵم چاپکرد. ئەم فەرهەنگە لە شەش بەرگ پێکدێت و هەر بەرگێک نزیکەی ٧٠٠ لاپەڕەیە و هەمووی بەیەکەوە نزیکەی چوار هەزار لاپەڕە دەکا.

فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژی، یەکەم فەرهەنگی کوردییە، بایەخی بە ڕیشە و پێشینەی وشە و دەنگەکانی کوردیی دەدات و پێناسەیەکی تێر و تەسەلیش لە سەر مانای وشە بە خوێنەر دەدا، هەروەها وەڵامی: ئەو وشەیە لە کوێ ڕا هاتووە؟ خۆمانەیە یا بێگانە؟ ئەگەر بێگانەیە، ڕاستەوخۆ هاتووە یا ناڕاستەوخۆ؟ ئەگەر خۆمانەیە بنج و بناوانی لە کوێوەیە؟ ئەو پرسیارانەی سەرەوە دەداتەوە.

گرنگی ئەم کارە لەوەدایە، کە جاری یەکەمە و پێشتر کەس لەمجۆرە فەرهەنگەی چاپ نەکردووە. لەراستیدا لە مێژووی فەرهەنگنووسی جیهانیش ئەم زانستە کۆن نییە و بۆ نزیک ٢٠٠ ساڵ بەر لەئێستا دەگەڕێتەوە.

گرنگی نووسین و بەچاپگەیاندنی فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژی لەوەدایە، کە جگە لە کەسانی پسپۆر یان ئەوانەی کار لەسەر ڕیشەی زمان یان زمان بەشێوەیەکی گشتی دەکەن، جەماوەرێکی فراوانیش لە نووسەر و توێژەر و ڕۆژنامەنووسان هەروەها قوتابییانی کۆلێژ و بەشەکانی زمان و ڕاگەیاندنیش دەتوانن بۆ توێژینەوە و نووسین و تێکردنی بەرهەمەکانیان سوودی لێوەربگرن، بەتایبەتیش بۆ کاتێکی وەک ئێستا، کە هەندێک لە نووسەرانی کورد، دەیانەوێ ڕیشەی وشەی زمانی کوردیی بزانن و کەمتر و کەمتر وشەکانی عەرەبی، فارسی یان تورکی بەکاربێنن. ئەوان هەوڵدەدەن بەزمانێکی کوردی پەتی بەرهەمیان بدەنە دەست خوێنەرانیان.

فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی، بۆ کاتێکی وەک ئێستا زۆر پێویستە، زانکۆ و پەیمانگاکان بتوانن نەوەیەک پەروەردەبکەن، وشەی زۆری زمانی کوردی بزانێت و بە کوردیێکی ڕەوان بنووسێت، هەروەها ئەکادێمیای کوردی وەک بناغەیەک پشتی پێببەستێت و لە داهاتوو بتوانی کاری لەسەر بکات و فراوانتری بکا.

وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێیکرد، ئەم کارەی عەلی نانەوازادە نوێیە و لە کوردی هاوتای نییە، بۆیە و ناتواندرێ و ناکرێ لەگەڵ هیچ فەرهەنگێکی کوردی پێشخۆی بەراورد بکرێ، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر لاپەڕەکانی هەڵبدەینەوە و لەگەڵ فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژی سویدی یان روسی بەراوردی بکەین، دەبینین ئەو فەرهەنگە کوردییە، لە ئاستێکی زانستی زۆر بەرزدایە و جێگای شانازییە، کە کورد لە کۆتاییدا بووە خاوەنی فەرهەنگی ڕیشەی خۆی، ئەگەرچی کاری تاک کەسیشە.

مێژووی نووسین یان کارکردن لەسەر ڕیشەی زمان لە جیهان لە ڕاستیدا، بۆ سەدەی هەژدە دەگەڕێتەوە، لەوکاتەی ئینگلیز هیندوستانی داگیرکرد، کۆمەڵێک زمانزان و زانا و ڕووناکبیر، خەریکی فێربوونی زمانی سانسکریت و دەقەکانی دینیی بوون، هەندێک بەتایبەت ئەوانەی زمانی یۆنانی کۆن و لاتینییان دەزانی، بۆیان دەرکەوت، کە نزیکایەتییەک دەنێوان زمانی سانسکریت و زمانانی ئەوروپیدا هەیە. پاشان خەریکی ئەوێستاشبوون، بۆیان دەرکەوت کە خزمایەتییەکی زۆر نزیک دەنێوان زمانانی کۆنی هیندیی و ئێرانیی و ئەورووپایی دا هەیە.

William Jones دەنووسێ: زمانی سانسکریت، کە مێژوویەکی کۆنی نادیاری هەیە زۆر سەیر هەڵکەوتووە، لە یۆنانی کامیلتر و لە لاتینی پڕوشەتر و لە هەردووکیان پەتیترە. سەرەڕای ئەوانە وێکچوونی دەگەڵ ئەو دوو زمانە هەم لە بابەت و ڕیشەی وشەکانەوە و هەم لە بابەت و ڕێزمانەوە لەوە پترە کە بە هەڵکەوتی دابنێین. دەڕاستیدا، ئەو وێکچوونە ئەوەندە زۆرە کە هیچ زمانناسێک ناتوانێ هەرسێکیان هەڵبسەنگێنێ و بەو ئاکامە نەگا کە ئەم سێیانە لە سەرچاوەیەکی هاوبەشەوە هەڵقڵیون کە لەوانەیە ئیمڕۆکە نەمابێ. (کتێبی: The Sanscrit Language). James Parsons یەکەم زانابوو، مەسەلەی خزمایەتی زمانانی ئەوروپایی و ئاسیایی هێناگۆڕێ و لە ساڵی ١٧٦٧ لە کتێبێک چاپیکرد، هەروەها وشەی هیندوئەورووپایی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨١٣ لەلایەن Thomas Young داهێندرا.

نووسەر لە پێشەکی ئەم فەرهەنگەی دەنووسێ: دەو فەرهەنگە دا هەوڵم داوە بە کردنەوەی پەیوەندیەک بۆ هەر وشەیەکی سەرەکیی، بە پێی توانا و ئیمکان زانیاریی سەر بەم وشەیە کۆ بکەمەوە و بە ڕێکوپێک کردنی ڕەوتی مێژوویی وشەکە لە کۆنەوە بۆ سەردەمی نوێ و خۆ پاراستن لە کورتکراوە بۆ ناوی زمانەکان، لێکدانەوەکان ڕوونتر بکەمەوە وەها کە خوێنەریش بتوانی بەشداری بابەتەکە بێ.

عەلی نانەوازادە، پێش نووسین و بەچاپگەیاندنی فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی، فەرهەنگی هەرمانی بە دوو بەرگ لە ساڵی ٢٠٠٥ لە هەولێر چاپکرد، هەروەها کۆمەڵێک کتێبی بەناوەکانی: سەد غەزەلی مەولانا، توحفەی موزەفەرییە، تاجی سەری عارفان - شیبلی، سوڵتانی عارفان – بایەزیدی بەستامی، وەهای گوت زەردەشت، کتێبی چیڕۆک و چەند دیوانێکی شعریشی هەیە...

بۆئەوەی باشتر لە فەرهەنگی ڕیشەی وشەی کوردیی (ETYMOLOGY) بگەین، لەخوارەوە وشەی (ئاوس) ل. ١٩٤ – ١٩٥ بۆ ئێوە وەک خۆی دەنووسمەوە.

ڕیشەی وشەی ئاوس

ئاوس دە ئێستای زمانی کوردیی دا وشەیەکی سادەیە کە بە بەش و پاری بچووکتر دابەش ناکرێ و پتر بە مانای حەیوانی گوانداری زگپڕ دێ. هەروەتر هاوتا و هاومانای ئەم وشەیە دە زازایی و هەورامیی دا بە شێوەی ئاور یا ئاورە دەردەکەوی.

چەند پرسیارێک سەر هەڵدەدەن وەک: ئاخۆ ئاوس وشەیەکی سەرەکییە و مانایەکی زاتیی هەیە یا ئەو مانایەی بۆ ساز کراوە؟ یان ئایا دوو وشەی ئاوس و ئاور یەک سەرچاوەیان هەیە؟ یان ئاخۆ دەنگی /س/ و /ر/ ئاڵوگۆڕیی و جێگۆڕکەیان دەگەڵ یەکتر هەیە؟

ڕیشەناسیی و فۆرمناسیی ئەو ئیمکانەمان پێ دەدا کە بە سانایی کۆدی ئەم قفڵە بشکێنین و وڵامی ئەو پرسیارانە بدۆزینەوە و هاوکات کۆمەڵێک بابەتی نوێشمان دەست بکەوێ و کۆمەڵێک پرسیاری نوێش سەر هەڵبدەن.

ئەم وشەیە دە پێنج زاراوەی کوردیی دا بە سەر دوو فۆرم دا دابەش دەبێ.

زاراوەی باکووریی: ئاڤس āvıs

زاراوەی ناوەندیی: ئاوس āwıs

زاراوەی باشووریی: ئاوس āwıs

هەورامیی: ئاور āwır

زازایی: ئاور āwır

بە پێی سەرچاوەکانی ڕیشەناسیی، هەردووک فۆرمی ئاوس و ئاور درێژە پێدەری ڕیشەی چەند هەزار ساڵ لەمەوبەری باپیرەی ئێمە یانی وشەی پرۆتۆئێرانیی ئاپوثرە āpuϑra  یە کە دە ئەوێستایی و مادییش دا هەر بەم شێوەیە بووە.

زوو دەردەکەوێ کە:

ئاپوثرە ā-puϑra  وشەیەکی لێکدراوە کە پێکهاتووە لە: پێشگری کارای ā  کە دە کۆمەڵێک وشەی دیکەش دا دەبینرێ بەڵام دە ئێستای زمانی کوردیی دا ئەم پێشگرە برەوی نەماوە و ناکارایە + وشەی پوثرە puϑra  بە مانای پس، کوڕ، منداڵ، پز، بێچوو؛ کە ئەم وشەیەش بە نۆرەی خۆی لە ڕەگی pū  بە مانای گچکە، بچووک، کەم، کەوتووە. کە بە گشتیی ماناکەی یانی بێچوو یا منداڵی نێو پزدانی مێینە کە بۆ مرۆڤ و گیاندار بە کار هاتووە.

وشەی āpuϑra  لە درێژەی سەفەری بۆ قۆناغی میانەی زمانی کوردیی بە دوو ئاراستە دا تێدەپەڕێ کە دوو فۆرمی جیاوازیان لێدەکەوێتەوە:

١- دە کرمانجیی سەروو و خواروو دا:

پاری پرۆتۆئێرانیی /ϑr/ بە /s/گۆ دەکرێ و هاوکات دەنگی کۆتایی /a/ دەسوێ یا دەقرتێ و فۆرمی ئاپوس āpus  جێگر دەبێ. یانی: āpuϑra → āpus

وشەی ئاپوس -یش لە درێژەی سەفەری بۆ قۆناغێ نوێ و ئەمڕۆیی دە سێ زاراوەی باکووریی و ناوەندیی و باشووریی کوردیی دا دەنگی /p/ دە زاراوەی باکووریی دا بە /v/ گۆ دەکرێ و دە زاراوەی ناوەندیی و باشووریی دا بە /w/، یانی: فۆرمی ئاووس āwus  کە ئەم وشەیەش بە نۆرەی خۆی نزیک سەد ساڵێکە دەنگی /u/ بە بزرۆکە /ı/ دەنووسرێ و دەردەبڕدرێ، کە بە گشتیی یانی:

āpuϑra → āpus → āwus → āwıs

ئاوس→   ئاووس→   ئاپوس→   ئاپوثرە 

٢- دە هەورامیی و زازایی سەردەمی میانە دا:

پاری پرۆتۆئێرانیی /ϑr/ بە /r/گۆ دەکرێ و هاوکات دەنگی /a/ی کۆتاییش دەپارێزن یانی فۆرمی āpura کە ئەویش بە نۆرەی خۆی هەروەک کرمانجیی دەنگی /p/ دەگۆڕن بە /w/، یانی:

āpuϑra → āpura → āwura → āwıra → āwır

ئاور→  ئاورە →  ئاوورە →  ئاپورە→  ئاپوثرە

دەرکەوت: سەرچاوی هەردووک وشەی ئاوس و ئاور یەک بووە و پاشان لە سەردەمی میانە بە دوو ئاراستەی جیاواز دا ڕۆیشتوون و دوو دەنگی /س/ و /ر/ چ ئاڵوگۆڕیان دەگەڵ یەکتر نییە بەڵکە ئەو دوو دەنگە جیاوازە، پاشماوەی گۆڕانی پاری پرۆتۆمادیی یا پرۆتۆئێرانیی /ثر/ ن و هەندێک بابەتی دیکە کە دەکرێ بیری لێ بکەنەوە.