خه‌لافه‌ت رووخاوه‌و "خه‌لیفه" دیار نییه
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسانی باڵای عێراق، دوای كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانی رۆژئاوای ئه‌نبار (عه‌نه، قائیم، راوه) له رووی سه‌ربازییه‌وه سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر داعش راگه‌یاند و به گووته‌ی ئه‌و به‌رپرسانه داعش له رووی سه‌ربازییه‌وه كۆتایی هاتووه.
قاسم سوله‌یمانی، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانیش، كه رووی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بوو له‌و جه‌نگه‌ی زیاتر له 3 ساڵ دژی داعش به‌رده‌وامبوو، له نامه‌یه‌كدا بۆ رێبه‌ری وڵاته‌كه‌ی "عه‌لی خامنه‌یی" مژده‌ی كۆتاییهاتنی داعشی راگه‌یاند.
حه‌سه‌ن رۆحانی سه‌رۆككۆماری ئێرانیش هه‌مان قسه‌ی كرد، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانیش به‌هه‌مانشێوه كۆتایی داعش راگه‌یاند، ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا، له كاتی كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 21/11/2017 گووتی: "دوای كۆتاییهاتنی تیرۆر، ئیستا كاتی كاراكردنه‌وه‌ی پرسه‌ی سیاسی و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی سووریایه.
چونكه دوای ئه‌وی دوو رۆژ پێش ئیستا شارۆچكه‌ی ستراتیژی ئه‌لبوكه‌مال له سنووری سووریا و عێراق، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوپای سووریا و سوپای پاسداران و میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به ئیران كۆنترۆڵكرایه‌وه، مه‌رگی داعش له‌سه‌ر زه‌وی راگه‌یه‌نراوه.
به‌ڵام هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا، كه به‌هێزترین هاوپه‌یمانێتی ئه‌و جه‌نگه بوو، ھێشتا قسه‌ی كۆتایی له‌سه‌ر چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه نه‌كردووه و چاره‌نووسی پاشماوه‌ی چه‌كدارانی داعشی روون نه‌كردووه‌ته‌وه.
له‌نێو ئه‌واندا ئه‌بو به‌كر به‌غدادی رێبه‌ری داعش كه له‌وه‌ته‌ی رێكخراوه‌كه‌ی رووبه‌رێكی زۆری خاكی عێراق و سووریای له ساڵی 2014 داگیركرد و وه‌ك "خه‌لیفه‌ی موسڵمانان" خۆی راگه‌یاند، جگه له‌وه‌ی رۆژی 4/7/2014 بۆ یه‌كه‌مین و دواین جار له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی نووری شاری مووسڵ ده‌ركه‌وت و سێ جاری دیكه په‌یامی ده‌نگی بڵاوكرده‌وه‌و ده‌یانجار هه‌واڵی كوژران و برینداربوونی بڵاوكرایه‌وه، هێشتا دیار نییه، ئایا له‌و ناوچه بچووكه‌ی پارێزگای دێره‌زوور "مه‌یادین" ماوه، یان چی به‌سه‌ر هاتووه‌و به‌ره‌و چ شوێنێك رۆیشتووه؟.
چونكه چاره‌نووسی رێكخراوه‌كه زۆرتر به چاره‌نووسی به‌غدادییه‌وه ده‌به‌سترایه‌وه، ئیستاش كه له‌سه‌ر زه‌وی چه‌كدارانی داعش زۆرینه‌ی ناوچه‌كانیان له ده‌ستچووه، دیارنه‌مانی به‌غدادی كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا له ئه‌لبوكه‌مال و سنووره‌كانی سووریا و عێراق بێت، پرسیارێكه، له‌وانه‌یه په‌یوه‌ستبێت به ئاینده‌ی رێكخراوه‌كه‌یشه‌وه.
به‌گوێره‌ی ئه‌و راپۆرت و زانیاریانه‌ی له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگه‌وه، له پاش شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌دێی عه‌یازییه له نزیك شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر، له ناوچه‌كانی حه‌ویجه و باشوور و رۆژئاوای كه‌ركووك و شار و شارۆچكه و گونده‌كانی رۆژئاوای ئه‌نبار، وه‌ك جه‌نگی مووسڵ چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه به پۆل و به ژماره‌ی زۆر نه‌كوژراون.
له‌وكاته‌ی كه یه‌كه‌مجار هێزه‌كانی سوپای سووریا و میلیشیاكانی سه‌ر به ئیران ئه‌لبوكه‌مالیان كۆنترۆلكرد، داعش دوای رۆژێك توانی كۆنترۆڵی بكاته‌وه‌و رووسیاش ره‌خنه‌ی له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا گرت، كه نه‌یهێشتووه كاروانی چه‌ند كیلۆمه‌تری چه‌كدارانی داعش له ئاسمانه‌وه بكه‌نه ئامانج.
شاره‌زایانی بواری گرووپه توندڕه‌وه‌كانیش، له چه‌ندین راپۆرتدا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یانداوه كه "پاش ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵیان له ده‌ست ده‌ده‌ن، وه‌ك گرووپی بچووك و مه‌فره‌زه‌ی تایبه‌ت ده‌مێننه‌وه‌و هێشتا هه‌ڕه‌شه ده‌بن بۆ سه‌ر ئاسایشی عێراق و سووریا و ته‌نانه‌ت وڵاتانی دیكه‌ی جیهانیش، چونكه زۆرێك له‌و بیانیانه‌ی ناو رێكخراوه‌كه پێشتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه وڵاته‌كانی پێشوویان.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو كه "داعش وه‌ك كۆتایی سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی" بچنه سووڕی متبوونه‌وه‌و له قۆناغێكی دیكه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی دیكه و له هه‌لومه‌رجێكی دیكه‌دا سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر بێت ئه‌و بارودۆخه خراپه‌ی ناوچه سوننی مه‌زهه‌به‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، زه‌مینه‌ی زیادبوونی گه‌ڕای توندڕه‌وی تێدا باشتر ده‌ڕه‌خسێت".
گۆڤاری ئه‌مریكی "ناشناڵ ئینترێست" له دواین راپۆرتی په‌یوه‌ست به‌و ره‌وشه نوسیبووی "سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئه‌مریكا و كه‌مته‌رخه‌می حكومه‌تی عێراق و وێرانبوونی ناوچه و شاره گه‌وره‌كانی سوننه‌كانی عێراق و بڵاوبوونه‌وه‌ی بێكاری زۆر له‌ناو گه‌نجاندا، ئه‌گه‌ری درووستبوونی داعشی دووه‌م دێنێته ئاراوه".
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی باسكراوون له ناوچه‌كه‌دا بوونیان ماوه‌و له كاتێكدا چاره‌نووسی رێبه‌ری رێكخراوی داعش و ده‌یان سه‌ركرده و سه‌دان و هه‌زاران چه‌كدار به نادیاری ماوه‌ته‌وه، پێشبینی ناكرێت به‌مزووانه داعش له ره‌گه‌وه ده‌ربهینرێت، چونكه بارودۆخی سیاسی و كێشه‌ی تائیفی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و بێكاری و خراپی گوزه‌رانی خه‌ڵكی به‌گشتی و عه‌ره‌به سوننه‌كانی عێراق به‌تایبه‌تی، ئه‌گه‌ری ئه‌وه زیاتر ده‌كه‌ن كه، له كاتی مانه‌وه‌ی دۆخه‌كه به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا، له‌بری ریشه‌كێشكردنی داعش، داعش یان گرووپێكی هاوشێوه یان توندڕه‌وتر له‌ناوچه‌كه‌دا درووستبێته‌وه.
Adil Qeredaxi