سه‌رۆك بارزانی: جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە

وه‌زیری به‌رگری به‌ریتانیا: مەشق کردن بە هێزی پێشمەرگە و هاوکارییە سەربازییه‌كان بەردەوام دەبن

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئێمە هەموو جۆرەکانی پەیوەندیی لەگەڵ عێراق، لە لامەرکەزییەوە بگرە بۆ ئۆتۆنۆمی و تا دەگاتە فیدراڵی، هەموویمان تاقی کردەوە و شکستیان هێنا، جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە، دەمانەوێ دوو دراوسێی باش بین و باشترین پەیوەندیمان هەبێت.

ئێوارەی دوو شه‌ممه‌, مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌لاحه‌ددین پێشوازی له‌ مایکڵ فاڵن وەزیری بەرگریی بریتانیا و شاندێکی یاوەری کرد کە لە فڕانک بەیکەر باڵیۆزی بریتانیا لەعێراق و ژمارەیەک دیپلۆماتکار و ڕاوێژکاری سەربازی پێکهاتبوو.

له‌ دیدارەکەدا کۆسرەت ڕەسووڵ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، وەزیری بەرگریی بریتانیا خۆشحاڵیی خۆی بە دیدارەکە ڕاگەیاند و پەیوەندیی لەمێژینەی نێوان بریتانیا و گەلی کوردستانی بەرز نرخاند و جەختی لەسەر بەردەوامیی و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردەوە، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆسەی مەشق کردن بە هێزی پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاند ئەو هاوکارییە سەربازییانە بەردەوام دەبن.

وەزیری بەرگریی بریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان داواکارن ڕیفراندۆم دوابخرێت و لەبەرانبەر دا پڕۆسەیەکی دیالۆگ لەگەڵ بەغدا دەست پێ بکرێت و پڕۆسەکەش بە ئەجێندای کراوە و لەژێر سەرپەرشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێر هێنانی شاندی میوان، سوپاسی بریتانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە و جەختیشی لە بەردەوامی و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە کردەوە.

سەبارەت بە داواکاریی دواخستنی ڕیفراندۆم سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەسەر ئەو نەهامەتییانەی گەلی کوردستان لە عێراقدا بەسەری هاتووە بۆ شاندی میوان باس کرد و ڕایگەیاند کە ڕۆژی ٧ـی حوزەیران زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە پاڵپشتیی گەلی کوردستان ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان دەستنیشان کرد، بەڵام خودی بڕیاری ڕیفراندۆم لەو ڕۆژەدا نەدراوە بەڵکوو ئێمە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو چەندینجار بەغدامان ئاگادار کردەوە کە ئەگەر لەسەر پێشێلکردنی دەستوور و نەهێشتنی شەراکەت و هاوسەنگی، بەردەوام بن ئێمە بۆ ڕای گەلەکەمان دەگەڕێینەوە.

سەرۆک بارزانی ڕاشیگەیاند: ئێمە هەموو جۆرەکانی پەیوەندیی لەگەڵ عێراق، لە لامەرکەزییەوە بگرە بۆ ئۆتۆنۆمی و تا دەگاتە فیدراڵی، هەموویمان تاقی کردەوە و شکستیان هێنا، جگە لە سەربەخۆیی هیچ ڕێگەیەکی تر نەماوە، دەمانەوێ دوو دراوسێی باش بین و باشترین پەیوەندیمان هەبێت.

هەروەها ڕاشیگەیاند: ڕیفراندۆم ئامرازێکە لە ئامرازەکانی گەیشتن بە سەربەخۆیی، بە هەمان شێوە گفتوگۆیش ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی، بەڵام ئەو بەدیلانەی تا ئێستا خراونەتەڕوو، گرێنتیی گفتوگۆ بۆ سەربەخۆیی و ئامادەیی بەغدا بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر سەربەخۆیی کوردستانی تێدا نەبووە. بۆیە داواکاریی دواخستنی ڕیفراندۆم تەنها لەپێناو گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا بەبێ ئەوەی بزاندرێ لەسەر چییە و چ گرێنتییەکی نێودەوڵەتی دەبێت، ڕیفراندۆم دوا ناخرێت.  سەرۆک بارزانی گوتیشی: ئەگەر حکوومەتی عێراق ئامادەیی دەرببڕێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر سەربەخۆیی کوردستان لە ماوەیەکی زمەنیی دیاریکراودا و زەمانەتی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ جێبەجێ کردنی ڕێککەوتن لەسەر سەربەخۆیی کوردستان، ئەوکاتە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان کۆ دەبێتەوە و دوابڕیاری خۆی دەدات.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تەئکیدیان لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و پەیوەندیی نێوانیان کردەوە.