رێبه‌رى حووسييه‌كان هه‌ڕه‌شه له سعووديه و ئيمارات ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
دواى كوژرانى عه‌لى عه‌بدوڵڵا ساڵح، سه‌رۆكى پێشووى يه‌مه‌ن به ده‌ستى چه‌كداره حووسييه‌كان، عه‌بدولمه‌ليك حووسى، رێبه‌رى حووسييه‌كان په‌يامێكى ئاراسته‌ى يه‌مه‌نييه‌كان كرد.
عه‌بدولمه‌ليك حووسى له په‌يامه‌كه‌يدا رايگه‌ياند، كوژرانى عه‌لى عه‌بدوڵڵا ساڵح كۆتايهێنان بوو به‌و پيلانگێڕييه گه‌وره‌يه‌ى كه له دژى يه‌مه‌ن و حووسييه‌كان له ئارادا بوو.
گوتيشى: ئێمه ئاگادارى هه‌وڵه‌كانى عه‌لى عه‌بدوڵڵا ساڵح بووين و ئه‌و تا دوێنێ دژى دوژمنكارى و په‌لامارى سعووديه بوو له‌سه‌ر يه‌مه‌ن، به‌ڵام له شه‌و و رۆژێك هه‌ڵوێستى گۆڕا و وه‌ك دوژمنانى يه‌مه‌ن قسه‌ى ده‌كرد و به‌ناوى هه‌ڵدانه‌وه‌ى لاپه‌ڕه‌يه‌كى نوێ خه‌ريكى پيلانگێڕى بوو.
هه‌روه‌ها گوتى: خۆم په‌يامێكم ئاراسته كرد و تێيدا داوا و تكام لێ‌كرد، پشت له خه‌ڵكى يه‌مه‌ن نه‌كات و نه‌چێته به‌ره‌ى دوژمنانى يه‌مه‌نه‌وه، به‌ڵام ئه‌و وايده‌زانى له لاوازييه‌وه ئه‌و په‌يامه‌ى ئاراسته ده‌كه‌م و گوێى پێ نه‌داين.
سه‌باره‌ت به هه‌وڵه‌كانى بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه له حووسييه‌كان، عه‌بدولمه‌ليك حووسى گوتى: ئه‌وان خه‌ريكى پيلانگێڕييه‌كى گه‌وره بوون، دوژمنانى يه‌مه‌ن له ئاسمان و زه‌وييه‌وه ئاماده‌كارييان ده‌كرد بۆ په‌لاماردانى سه‌نعا و هێزيان له خولان كۆده‌كرده‌وه و ده‌يانويست غافڵگيرمان بكه‌ن و په‌لامارى سه‌نعا بده‌ن.
هه‌روه‌ها گوتى: ئێمه ته‌نيا له ماوه‌ى 3 رۆژدا گه‌وره‌ترين پيلانگێڕى ئه‌وانمانمان شكستپێهێنا و كوژرانى عه‌لى عه‌بدوڵڵا ساڵح شكستى يه‌كجاره‌كى پرۆژه‌كه‌ى سعووديه بوو.
سه‌باره‌ت به سعووديه و ئيماراتيش، رێبه‌رى حووسييه‌كان رايگه‌ياند، چيديكه ئه‌و دوو وڵاته ئۆقره‌يى به خۆيانه‌وه نابينن تا ئاسايشى يه‌مه‌ن سه‌قامگير نه‌بێت.
هه‌روه‌ها گوتى: به وه‌ربه‌رهێنه‌ران ده‌ڵێم له سعووديه و ئيمارات سه‌رمايه‌گوزارى مه‌كه‌ن، چونكه ناهێڵين ئه‌و دوو وڵاته سه‌قامگير بن، تا ئه‌و كاته‌ى ئه‌وان ده‌ست له كاروبارى ئێمه هه‌ڵده‌گرن و ئاسايشى يه‌مه‌ن سه‌قامگير ده‌بێت و ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌يانه‌وێت سه‌رمايه‌گوزارى بكه‌ن با بچن له ميرنشينى عه‌مان، كوه‌يت، سووريا و عێراق كارى وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
روونيشيكرده‌وه، ئاراسته‌كردنى مووشه‌ك بۆ ئيمارات سه‌ركه‌وتنێكى ديكه‌ى حووسييه‌كانه.
ئه‌مڕۆ عه‌لى عه‌بدوڵڵا ساڵح، سه‌رۆكى پێشووى يه‌مه‌ن كوژرا و چه‌كداره حووسييه‌كان ماڵه‌كه‌يان له سه‌نعاى پايته‌خت ته‌قانده‌وه.
وه‌زاره‌تى ناوخۆى يه‌مه‌ن، بڵاويكرده‌وه، ژماره‌يه‌ك چه‌كدارى سه‌ر به كۆمه‌ڵه‌ى ئه‌نساروڵڵاى حووسى، توانيان عه‌لى عه‌بدوڵڵا ساڵح بكوژن.
چه‌كداره حووسييه‌كان گرته‌يه‌كى ڤيديۆييان بڵاوكرده‌وه، كه تێيدا ته‌رمى عه‌لى عه‌بدوڵڵا ساڵح له ناو به‌تانييه‌كدايه و ده‌يانه‌وێت بيگوازنه‌وه.
له دوو رۆژى رابردوودا عه‌لى عه‌بدوڵڵا ساڵح له حووسييه‌كانى يه‌مه‌ن هه‌ڵگه‌ڕايه‌وه و داوايكرد خه‌ڵك له دژيان راپه‌ڕێت.
ناوبراو له به‌ياننامه‌يه‌كدا داواشيكرد، لاپه‌ڕه‌يه‌كى نوێ له‌گه‌ڵ دراوسێكانى يه‌مه‌ن هه‌ڵبدرێته‌وه.
به گوێره‌ى زانيارييه به‌راييه‌كان، كه لايه‌نگرانى عه‌لى عه‌بدوڵڵا ساڵح بڵاويان كردووه‌ته‌وه، پێش چوونه ده‌ره‌وه‌ى له سه‌نعا، چه‌كداره حووسييه‌كان به‌ڵێنيان پێداوه به سه‌لامه‌تى له سه‌نعا بچێته ده‌ره‌وه. به‌ڵام دواتر بۆسه‌يان بۆ داناوه و له ئاكامدا كوژراوه.