سکرتێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی تاران دەکات

پۆمپێیۆ دەڵێ بەڵگەی پێویستیان لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئێران لە رێکكەوتنی ئەتۆمی لەلایە
kurdistan24.net


K24 - هەولێر

دوای ئەوەی ئەمەریكا بە فەرمی ھەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەكان لەدژی ئێران دەستپێكردەوە، سكرتێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی تاران دەكات.

مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ ئەوان بەڵگەی پێویستیان لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئێران لە رێکكەوتنی ئەتۆمی لەلایە و، دەتوانن لە چوارچێوەی رێكکەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك، گەمارۆكانی سەر ئێران بگەڕێننەوە.

ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس ئاشكرایكردووە، سەردانی رافایێل گرۆسی، سكرتێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ تاران بۆ ئەوەیە؛ دڵنیابێتەوە لەوەی ئێران پابەندی ھەموو بڕگەكانی رێکكەوتنی ئەتۆمییە و، میكانیزمی چاودێریكردنی پڕۆژە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتەش كاراتر بكەنەوە.

سكرتێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پێش سەردانەكەی لە توویتێكدا نووسیویەتی، دەیەوێ دەرگایەك بۆ گفتوگۆی شەفاف و راستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئێران بكاتەوە. لەبەرامبەردا كازم غەری ئابادی، نوێنەری ئێران لە ئاژانسی وزەی ئەتۆمیش لە توویتێكدا پێشوازی لە سەردانەكەی گرۆسی كردووە و، دەڵێ ئێران ھاوبەشێكی گرنگی ئەو ئەژانسەیە.

لە دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا كە دوو مانگ لەمەوپێش بڵاوكرایەوە، ئێران بەوە تۆمەتباركرا: لانیكەم لە دوو وێستگەدا چالاكیی ئەتۆمی لە دەرەوەی رێكکەوتنی ئەتۆمی کردووە. ئەمەریكاش ھەر لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە پێیوایە: ئێران پێشێلكاری كردووە.

بەرپرسانی ئێران رەتیدەكەنەوە ھیچ پێشێلكارییەكیان كردبێت و دەڵێن لە پێنج ھەنگاودا تەنیا پابەندبوونیان بە ھەندێك خاڵ كەمكردووەتەوە، کە پێشتر وەكو نیازپاکی ئاماژەیان پێكراوە، نەوەك وەكو خاڵێكی ناو رێکكەوتنەكە، بەڵام ئەمەریكا رایەكی پێچەوانەی ھەیە و ھەنگاوەكانیشی لەدژی ئێران دەستپێكردووە.

 

 

هـ.ر.