وەزیری تەندروستی: تائێستا 4 ھەزار كەس لە ھەرێمی كوردستان كەرەنتین كراون

زیاتر لە 2 ھەزار كەس رەوانەی ماڵ كراونەتەوە

K24 - ھەولێر

وەزیری تەندروستی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، تائێستا زیاتر لە 4 ھەزار كەس كەرەنتین كراون.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا تائێستا زیاتر لە 4 ھەزار كەس لە ھەرێمی كوردستان كەرەنتین كراون، تەنھا ئەوانە كەرەنتین نەكراون كە بە قاچاخ ھاتوونەتەوە، ئەوانیش بەشێكیان خۆیان ھاتوون كەرەنتین بكرێن، لێرەوە جارێكی دیكە داوا لەو كەسانە دەكەین كە بە قاچاخ ھاتوونەتەوە بێن خۆیان كەرەنتین بكەن".

گوتیشی: "تائێستا زیاتر لە 2 ھەزار كەس 14 رۆژیان لە كەرەنتین تەواو كردووە و دوای پشكنین رەوانەی ماڵەوە كراونەتەوە و رۆژانە دەیان ھاووڵاتی ماوەكەیان لە كەرەنتینە تەواو دەكەن و دەچنەوە ماڵەكانیان".

لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق، سامان بەرزنجی گوتی: "پەیوەندیمان لەگەڵ حكومەتی عێراق زۆر باشە و ئێمە داوای كۆمەڵێك پێداویستیمان داوەتە حكومەتی عێراق و جێگیر كراوە، بەڵام تائێستا ھیچ ھاوكاریەكیان بۆ ھەرێمی كوردستان نەناردووە".

راشیگەیاند: "بڕیارە تیمێكی تەندروستی وڵاتی چین سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی ئێمەش سوود لە ئەزموونی ئەوان ببینین".