نێچیرڤان بارزانی: ئاڵۆزبوونی دۆخه‌كه‌ دەرەنجامى چاوەڕواننەکراو و مەترسیداری بۆ ناوچەکە و جیهان لێ دەکەوێتەوە

"زۆر بە نیگەرانى و هەستیارییەوە لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و تێکچوونى ئاسایش و نەمانى سەقامگیرى دەڕوانین"

K24- هه‌ولێر:

هەر لە سەرەتاوە بە وردى چاودێریى دۆخەکە دەکەین و بە دڵگرانى و نیگەرانییەکى قووڵەوە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى ڕۆژهەڵاتى فورات لە سووریا دەڕوانین، بەتایبەتى کە گرووپە توندڕەوەکانى ئۆپۆزسیۆنى سووریا تیایدا بەشدارن. شەڕ، دەرگا بە سەر کوشتار و دەربەدەرى و ئاوارەبوونى خەڵکى سڤیل و دروستبوونى ناسەقامگیرى لە تەواوى ناوچەکەدا دەکاتەوە و هەڕەشە و مەترسیى سەرهەڵدانەوەى تیرۆریش جددیتر و گەورەتر دەکات.

ئێمە کە لە هەرێمی كوردستان و عێراق قوربانییەكی زۆرمان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر داوە و مەینەتییەکانى شەڕمان بینیوە، زۆر بە نیگەرانى و هەستیارییەوە لە ئاڵۆزبوونی دۆخەكە و تێکچوونى ئاسایش و نەمانى سەقامگیرى دەڕوانین، کە دەرەنجامى چاوەڕواننەکراو و مەترسیدارى بۆ ناوچەکە و جیهان لێ دەکەوێـتەوە، بۆیە لەپێناو ڕاگرتنی شەڕ و دروستكردنی ئارامیدا، لە هەوڵى بەردەوامداین و بۆ هەموو نێوانگیری و هاوكارییەك ئامادەین.

شەڕ و پێکدادان تەنیا ئاڵۆزى و پشێوى و مەترسی لە ناوچەکە زیاد دەکات، دەسکەوتەکانى تێکشکاندنى داعش لەناو دەبات و لە بەرژەوەندیى هیچ لایەنێکدا نابێت، بۆیە داوا لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ئەنجومەنى ئاسایش دەکەین چارەسەرێکى دادپەروەرانە بۆ ئایندەى سووریا بدۆزێتەوە، بە جۆرێك كه‌ مافى هەموو پێکهاتەکانى تیادا پارێزراو بێت و بە جددى ڕۆڵى خۆى بۆ ڕاگرتنى شەڕ و گەڕانەوەى سەقامگیرى و پاراستنى ئاشتى و دیالۆگ و ڕێگەچارەى سیاسى بگێڕێت و ڕێگە نەدرێت خەڵکى سڤیل دەربەدەر و ئاوارە بن.

H.B