داهاتووی رۆژئاوای كوردستان چی ده‌بێت؟
له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئا‌مریكا له سووریا بووەته جێگەی باسی سیاسه‌تمه‌داران و مێدیاكان. دۆناڵد ترەمپ هه‌ر پێش بوونی به سه‌رۆك كۆمار به‌ڵێنی دابوو كه‌وا هێزه‌كانی له سووریا و هه‌روه‌ها له عێراق بكشێنێته‌وه. یه‌كه‌م كه‌س كه له‌وانه‌یه زه‌ره‌رمه‌ند بن له ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی هێزه ئه‌مریكییه‌كان كورده‌كانن و به تایبه‌تیش كوردانی ڕۆژئاوا، چوونكه تا ئێستا كه‌س پێگه‌ی كوردی له رۆژئاوا به فه‌رمی نه‌ناسیوه و له هیچ دانووستانێكدا به‌شدار ناكرێت. ئایا ئا‌مریكا هێزه‌كانی له سووریا ده‌كشێنێته‌وه؟ ئه‌مه پرسیارێكی زۆر گرنگه و به تایبه‌تی داهاتووی رۆژئاوای كوردستان تا راده‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌م پرسیاره‌وه. له‌م پرسیاره‌ش گرنگتر پرسیارێكی دیكه هه‌یه و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌مریكا له هه‌ر ئه‌گه‌رێكدا " چ بكشێته‌وه یانیش نه‌خێر" پشتیوانی پڕۆژه‌ی كورده‌كان له ڕۆژئاوا ده‌كات؟ به‌داخه‌وه ڕابردووی كورده‌كان "چ له باشووری كوردستان و چ له له ڕۆژئاوا" ده‌ریخستووه كه‌وا كورد به باشی له سیاسه‌تی ده‌روه‌ی ئا‌مریكا تێنه‌گه‌یشتوون. هه‌ر بۆیه، كورد نه‌یتوانیوه ئامانجه‌كانی بپێكێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به ڕاده‌یه‌كی كه‌میش بێت. رووداوەكانی دوای ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له باشووری كوردستان و دواتر له عه‌فرین، ده‌ریده‌خات كه‌وا كورد هێشتا به باشی له سیاسه‌تی ده‌روه‌ی ئه‌مریكا تێنه‌گه‌یشتوون و پێویسته پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به سیاسه‌ته‌كانیان بكه‌ن. چه‌ند خاڵی گرنگ هه‌ن كه‌وا كورد پێویسته به‌رده‌وام له په‌یوه‌ندییه‌كانیان له گه‌ڵ ئه‌مریكا له به‌رچاوی بگرن.
به پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپا، ئه‌مریكا قه‌د سیاسه‌تی ده‌روه‌ی خۆی له سه‌ر بنه‌مای كۆلۆنیالیسم و گرنگی جێۆپۆلتیكی دانه‌ڕشتووه. سیاسه‌تی ده‌روه‌ی ئا‌مریكا له سه‌ر دوو بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و ئه‌خلاقی سیاسی كه‌وا ئه‌مریكییه‌كان پێ ده‌ڵێن بنه‌ماكانی ئازادی و دیموكراسی داڕێژراوه. هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ شۆڕشی ئه‌مریكییه‌كان له دژی كۆلۆنیالیسمی به‌ریتانیا كه له نێوان ١٩٦٥ تا وه‌كوو ١٩٨٣ روویدا و گه‌یشتن به سه‌ركه‌وتن. بنه‌مای شۆرشی ئه‌مریكییه‌كان له سه‌ر نه‌دانی باج "یان هه‌مان به فیرۆدانی سه‌رمایه" به به‌ریتانیا و ئازاد بوون له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته ده‌ستی پێكرد. هه‌تا ئێستاش سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا " به تایبه‌ت سیاسه‌تی ده‌ره‌وه" له سه‌ر ئه‌م دوو بنه‌مایه داڕێژراوه و له ژێر كاریگه‌ری به‌شی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكا ماوه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه له كۆی ٤٥ سه‌رۆك كۆمار، ٤٠ كه‌سیان له دایكبوو و گه‌وره‌بووی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئا‌مریكا بوون.
ئه‌مریكییه‌كان بڕوای قوولیان به سیسته‌می سه‌رمایه‌داری هه‌یه. چونكه سه‌رمایه‌داری سیسته‌می ئازادی و ده‌وڵه‌مه‌ند بوونه بۆیان. به هۆ‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌دارییه‌وه بوو به زلهێزی جیهان و هه‌تا ئه‌مرۆش هیچ هێزێك "ته‌نانه‌ت ئه‌ورووپا" نه‌یتوانیوه ئه‌مریكا ڕووبه‌ڕووی كێشه بكاته‌وه. له هه‌مان كاتدابه پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپا پارته چه‌په‌كان له ئه‌مریكا خاوه‌ن هیچ پێگه‌یه‌ك نین و سیسته‌می سۆشیالیستی هه‌ر وه‌كوو كۆمۆنیسمی سۆڤییه‌ت كه‌وا دوژمنی دیموكراسی و ئازادییه پێناسه ده‌كه‌ن. به پێچه‌وانه‌ی وڵاتانی ئه‌ورووپا، ئه‌مریكا به‌رده‌وام به ڕاشكاوانه به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری وڵاته‌كه‌ی و بونیادنانی دیموكراسی له ڕێگای گۆڕینی ره‌ژیمه‌كان وه‌كوو بنه‌مای سه‌ره‌كی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی نیشان ده‌دات. ئه‌م بابه‌تانه له كابینه‌ی ترەمپ گه‌یشتوون به لووتكه و له لایه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری له وڵاتانی كه‌نداو دابین ده‌كه‌ن و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه فشار ده‌خه‌نه سه‌ر سعوودیه و وڵاتانی دیكه بۆ گۆڕانكاری و ریفۆرم.
هه‌رچه‌نده ئه‌مریكا یارمه‌تی كوردی دا بۆ شه‌ڕ له دژی داع‌ش و كوردیش به هه‌مان شێوه به‌ڵام، تا ئێستا ئه‌مریكا باس له ڕۆل و پێگه‌ی كورد له سووریای داهاتوو نه‌كردووه و به پێچه‌وانه‌وه، له پلانی درێژخایه‌نی ئه‌مریكا له سووریا " كه له پێنج قۆناخ پێكهاتووه" و له كۆتایی مانگی یه‌كی ئه‌مسال راگه‌یندرا و له كۆتایی مانگی سێ په‌سه‌ند كرا، نه‌ك ته‌نیا باسی كوردی تێدا نییه به‌ڵكوو باسی سیسته‌می داهاتووی سووریای وه‌كوو وڵاتێكی یه‌كپارچه و ناوه‌ندگه‌را پێناسه كردووه. رووداوه‌كانی چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوو ده‌ریده‌خه‌ن كه‌وا ئا‌مریكا خه‌ریكی جێبه‌جێكردنی ئه‌م پلانه‌یه له سووریا. ئه‌م بابه‌ته هه‌تا ئێستا له لایه‌ن سه‌ركرده‌ی كورد باسی له سه‌ر نه‌كراوه. بۆیه جێگای سه‌سووڕمانه و له‌وانه‌شه هه‌ر ئاگاداری پلانه‌كه نه‌بووبێتن. هه‌ر بۆیه ئه‌مریكا به‌رده‌وام باسی هاوكاری خۆی له گه‌ڵ كورد ته‌نیا له چوارچێوه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داع‌ش و لاوازكردنی پێگه‌ی ئابووری ئه‌سه‌د پێناسه ده‌كات.
هۆكارێكی گرنگ كه‌وا هه‌تا ئێستا ئه‌مریكا باسی پێگه‌ی سیاسی كورد ناكات، ده‌رده‌كه‌وێت كه په‌یوه‌سته به تایبه‌تمه‌ندی چه‌پ بوونی بزووتنه‌وه‌ی كوردی له رۆژئاوای كوردستان. جان بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وی ترەمپ مانگی رابردوو رایگه‌یاند كه‌وا ''كورده‌كان له رۆژاوای كوردستان بڕوایان به سیسته‌می ئێمه نییه‌و كۆمۆنیستن و پێویسته دوای شه‌ڕی داعه‌ش پێداچوونه‌وه به پێوه‌ندییه‌كانمان بكه‌یه‌ن له گه‌ڵیاندا.'' كورده‌كان پێویسته ئاگاداری ئه‌م بابه‌ته بن. سۆسیالیست بوون له‌وانه‌یه له ڕوانگه‌ی ئه‌ورووپا شتێكی ئاسایی بێت به‌ڵام، ئه‌مریكا "به تایبه‌تی ئیداره‌ی ترەمپ" له رووی سیاسییه‌وه پشتگیری سیاسی پێشكه‌ش به وه‌ها بزووتنه‌ویه‌ك نادات.
له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه وڵاتانی رۆژئاوا و به تایبه‌تی ئه‌مریكا به هیچ شێوه‌ییه‌ك سیسته‌می سیاسی ئێستای كورده‌كان " چ له باشوور و چ له ڕۆژئاوا" نزیك له خۆیان نابینن و هۆكاره‌كه‌شی ئاستی نزمی دیموكراسی و ئازادی هه‌رێمه كوردییه‌كانه. هه‌رچه‌نده كورده‌كان باس له دیموكرات بوونی سیسته‌مه‌كانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ڕوانگه‌ی كاربه‌دستانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا، ئه‌مه ته‌نیا قسه‌یه و هیچی تر. په‌ره‌سه‌ندنی هێزی ئیسلامی تۆندره‌و له یه‌كێك له هۆكاره‌كانی نه‌بوونی دیموكراسی له هه‌رێمه‌كه‌یه، بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره له سه‌ر وڵاتانی ڕۆژئاوا. په‌ره‌پێدانی به‌هاكانی دیموكراسی چه‌نده بۆ پێشكه‌وتنی كورد گرنگه، ئه‌وه‌نده‌ش له ئێستادا بۆ كورد پێگه‌ی سه‌ره‌كی ده‌بێت بۆ به‌ده‌ست خستنی پشتگیری له وڵاتانی ڕۆژئاوا. هه‌روه‌ها ئیداره‌ی ترەمپ هه‌ر له رۆژی یه‌كه‌م هه‌تا ئێستا دژه ئێران بووه. نزیك بوونی له ڕاده‌به‌ده‌ری هێزه كوردییه‌كان له ئێران و ئه‌سه‌د، رۆژ به رۆژ كورد له ئه‌مریكا "و له داهاتووشدا له وڵاتانی عه‌ره‌ب" دوور ده‌خاته‌وه. بۆیه پێویسته كورده‌كان سنوورێك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له گه‌ڵ ئێران و ئه‌سه‌د دیاری بكه‌ن.
رۆژئاوا له بواری په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه و سیاسییه‌وه زۆر خۆی گۆشه‌گیر كردووه. نه‌ك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دژبه‌ری ئه‌سه‌د و ئێران هه‌یه و نه‌ك ته‌نانه‌ت ئه‌و وڵاتانه كه دژی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌ردۆغانن.. له‌وانه‌یه كورده‌كان به‌رده‌وام هه‌وڵیان دابێت كه له گه‌ڵ ئه‌سه‌د باڵانسی سیاسی ڕابگرن به‌ڵام چاره‌نووسی عه‌فرین نیشانی دا كه‌وا ئه‌گه‌ر ئه‌سه‌د بتوانێت به‌رهه‌ڵسكاره‌كانی له نێو ببات و بیهه‌وێت، ئه‌وا ده‌توانێت به سازشی سیاسی له گه‌ڵ هێزه هه‌رێمییه‌كان كورد بكات به ئامانج. شكستی كورده‌كان له عه‌فرین نیشانی دا كه‌وا كورد به ته‌نیا ناتوانێت ته‌نانه‌ت خۆسه‌ری به‌ده‌ست بخات و ناتوانێت ته‌نیا به درۆشمی هێزی گه‌ل رزگاری ببێت.
وا ده‌رده‌كوێت كه‌وا له‌وانه‌یه ئەمریكا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانی ئه‌ورووپا له سووریا بمێنێته‌وه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ده‌یهه‌وێت ئه‌ورووپا هاوئاهه‌نگی ته‌واوی بێت له گه‌ڵ سیاسه‌تی ترەمپ دژ به ئێران. سه‌ركردایه‌تی كورد له رۆژئاوا پێویسته شیكاری پێویست بۆ سیاسه‌تی هه‌نۆكه‌یی ئه‌مریكا بكات و هه‌وڵ بدات له رۆژئاوا بمێنێته‌وه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێویست بكات سازشگه‌لێكی گه‌وره‌ش بكات. پێویسته روژئاوا خۆی له گۆشه‌گیری ده‌بخات و نیشان بدات كه تا چ ئاستێك ده‌توانێت به‌كاریگه‌ر بێت له رووداه‌كانی سووریا و هه‌رێمه‌كه. پێویسته كورد نیشانی بدات كه‌وا توانایی شرۆڤه‌كردن و تێگه‌یشتنی له ڕووداوه‌كان هه‌یه و ته‌نیا شوێن كه‌وتووی بیرۆكه‌ی باڵانس ڕاگرتن نییه.
لێره باسی ته‌سلیم بوونی كورده‌كانی رۆژئاوا و به ئامرازبوونیان بۆ ئه‌مریكا ناكه‌ین. به‌ڵام، رۆژئاوای كوردستان بێجگه له وڵاتانی رۆژاوا"ئه‌مریكا و تا راده‌یه‌ك فه‌ڕانسه" نه‌بێت، په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ هیچ هێزێكی دیكه نییه. پێویسته كورده‌كان قسه‌یه‌كی "هۆشی مین" كه‌سێك كه به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی و سه‌ربازی خۆی توانی به سه‌ر فه‌ڕانسه، ئه‌مریكا و دواییش چین سه‌ربكه‌وێت به هه‌ند وه‌ربگرن، كاتێك له "هۆشی مین" ده‌پرسن بۆچی دوای ده‌ركردنی هێزه‌كانی ژاپۆن به یارمه‌تی فه‌ڕانسه داوات نه‌كرد هێزه‌كانی فه‌ڕانسه‌ش ده‌ربكه‌ون و سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌ینی ده‌ڵێت: '' ئه‌گه‌ر فه‌ڕانسه ده‌ركه‌وتبایت ئه‌وا چین ده‌هات و هه‌تا هه‌تا ده‌مایه‌وه له ڤییه‌تنام. بۆیه به باشم زانی چه‌ند ساڵ پیسایه‌تی فه‌رانسه و ئه‌مریكا بخۆین باشتره هه‌تا ئه‌وه‌یكه هه‌تا هه‌تایه پیسایه‌تی چین مان خواردبا.'' بۆیه داهاتووی روژئاوا گرێدراوه به تێگه‌یشتن و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی سه‌ركرده‌كانی كورده. ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بن ئه‌وا له‌وانه‌یه له داهاتوودا مه‌جبوور ببن شوینی دیكه هه‌ر وه‌كوو عه‌فرین به‌ده‌سته‌وه بده‌ن.