سەرۆك بارزانی و یان كۆبیش پرۆسەی سیاسی ھەرێم و عێراق تاوتوێ دەكەن

یان كۆبیچ پیرۆزبایی سەركەوتنی پرۆسەی ھەڵبژاردن و سەركەوتنی لیستی پارتی لە سەرۆك بارزانی دەكات

K24 - ھەولێر

لە دیدارێكدا سەرۆك مەسعود بارزانی و یان كۆبیچ، نوێنەری سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، پرۆسەی سیاسی ھەرێمی كوردستان و عێراقیان تاوتوێكرد و یان كۆبیش، پیرۆزبایی سەركەوتنی پرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەركەوتنی لیستی پارتی لە سەرۆك بارزانی كرد.

بەگوێرەی ھەواڵی سایتی فەرمی سەرۆك بارزانی،  ئەمڕۆ سێشەممە 9/10/2018، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە یان كۆبیچ نوێنەری سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا نوێنەری سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق پیرۆزبایی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرۆك بارزانی كرد و هیوای ئەوەی خواست كە بە زووترین كات كۆمیسیۆن دەرئەنجامە كۆتاییەكان رابگەیێنێت و پەرلەمانی تازەیش دەست بە كارەكانی بكات.

لە بەشێكی دیكەی ئەو كۆبوونەویەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هاوكێشەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتەكان تاوتوێ كران.