جیاوازی بەساڵاچووانی ئێمە و بەساڵاچووانی ئەوروپا و ئەمریکا
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆڤید 19 تووشی هەموو کەسێک لە هەموو تەمەنێک و هەر دوو رەگەز دەبێت، بەڵام رێژەی مردن لە بەساڵاچووان بەڕێژەیەکی زۆر زیاترە لەو رێژەیەی گەنجانی تووشبوو، بە شێوەیەک زیاتر لە 28% بەساڵاچووان لە ئەوروپا و ئەمریکا بەو ڤایرۆسەی کۆڤید 19 دەمرن، بەرامبەر رێژەیەکی زۆر کەمتر لە گەنجان.
هەتا نووسینی ئەم وتارە، سوپاس بۆ خودا رێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدان لە بەساڵاچووانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر کەمە و دەتوانین بڵێین نزیکە لە سفر، ئومێد دەخوازین و کار بۆ ئەوە دەکەین، هەروا نزم و نزمتریش بێت.
ئەو پرسیارەی لای زۆر لە هاووڵاتیان و تەنانەت کارمەندانی تەندروستی و پزیشکانیش دروست بووە ئەویە، دەبێت هۆکاری جیاوازی نێوان ئێمە بە شێوەیەکی گشتی و بەساڵاچووانمان بە شێوەیەکی دیاریکراو، لەگەڵ خەڵکی ئەوروپا و بەتایبەتی بەساڵاچووان چی بێت؟
لێرەدا دەمانەوێت چەند جیاوازیەک بەشێوەیەکی گشتی و لە رووی فسیۆلۆجی بە شێوەیەکی تایبەتی باس بکەین، لەهەمانکاتدا پێداگری دەکەین، کە پێویستە هەموومان پابەندی رێنمایێەکانی تەندروستی بین، بێ جیاوازی تەمەن و رەگەز. هەندێک لەو جیاوازیانەی ئەگەری هەیە بەرگری بەساڵاچووانی ئێمەی زیادکردبێت و تووشبوون و مردنی کەمکردبێتەوە:
- پاک و خاوێنی:
بە شێوەیەکی گشتی بەساڵاچوانی ئێمە زۆر پاک و خاوێنترن، بە تایبەتی کاتی چوون بۆ توالێت و هەروەها لەگەڵ پێنج فەرزەی نوێژ و دەستنوێژ هەڵگرتن، کە بەزۆری باوە لەنێو بەساڵاچوانمان.
هەروەها خاوێنیان زیاترە، کاتێک بە تایبەتی کچێکی، یان کورێکی، خزمەتی دەکات و ئاگاداریەتی.
- وەرزش و جووڵە:
زۆرینەی بەساڵاچوانمان جووڵەیەکی باش دەکەن، کاتی نوێژکردن و هەروەها چوون بۆ مزگەوت و تەنانەت هەندێکیان بەردەوامن لەسەر کارەکانیان، وەک خزمەتی باخچە و ئاژەڵ و بەپێ ڕۆیشتن و بەسەر چیا کەوتن و کۆکردنەوەی دار و ئاودانی باخچە و زۆرێکی تر، کە پێکەوە کارێکی زۆر باشە بۆ تەندروستی و بەرگریان.
- خۆراکی تەندروست:
تا ڕاددەیەکی باش بەساڵاچوانمان خۆراکی سرووشتی و تەندروست دەخۆن، وەک گیایە بەهارییەکان (کەنگر و تۆرکە و کاردی) و هەروەها پیاز و سیر و سەوزە و توور و گوێز و باوی و خورما و قەسپ و ماست و پەنیر و تەحین و کونجی و میوەکان. ئەو خۆراکانەش زۆر بەسوودن بۆ بەرگری لەشیان.
بەساڵاچوانی ئەوروپا و ئەمریکا، زۆر کەم خواردنی سرووشتی و بەسوودیان بەدەست دەکەوێت، یان بەکاردەهێنن.
لە لایەکی ترەوە، هەندێکیان رێژەیەکی زۆر کحول، مەشرووب دەخۆنەوە و شەرابخۆرن، زۆر جار بەتەنیا و بێ شتی تر، کەوادەکات زیاتر زیان بەخش بێت.
تێبینیش دەکرێت بەساڵاچوانی ئێمە، ئەگەر جگەرەکێشیش بن، بە هۆی خاڵەکانی سەرەوە هەر تەندروستیان باشترەوە و زۆر بە دەگمەن مەشروب خۆرن.
- خەو و خولی، سایکلی، شەو و ڕۆژ:
بە شێوەیەکی گشتی، بە هۆی پێنج فەرزەی نوێژ، کە زۆر لە بەساڵاچوانمان پەیرەوی دەکەن، کات و ماوە و ساتی نووستن و هەستانی بەساڵاچوانمان رێکترە، ئەمەش بە تەندروستر دادەندرێت، لە زۆر لایەنەوە.
- باری کۆمەڵایەتی، سۆشیاڵ و دەروونی:
ئەوەی پێویستە پارێزی تووندی لێبکەین، ئەوەیە باری کۆمەڵایەتی بەساڵاچوانمان تا ڕاددەیەک باشترە بە بەراورد بەوانەی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەژین. پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ڕێز و خۆشەویستی و قەدر و مەکانەتی بەساڵاچوانمان زۆر جار مایەی رێزە و هۆکارە بۆ ئەوەی ئەوان هەست بە پشت و پەنا بکەن و بەردەوام ورە بەرزبن و پێداویستیەکانیان جێبەجێ بکرێت.
ئەوەشیان لایەنی دەروونی و بەرگریان بەهێز دەکات.
- لایەنی ماددی:
بە هۆی ئەوەی هەندێک بەساڵاچوانمان پارە و موڵکی خۆیان هەیە و هەندێکیشیان خانەنشینن، هەندێکیان منداڵەکانیان یارمەتیان دەدەن، ئەوان تا ڕاددەیەک توانای ماددیان باشە و دەتوانن پێداویستی ڕۆژانەیان لە خواردن و دەرمان دابین بکەن.
ڕاستە هەندێکیان لە بارودۆخێکی باش نین، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی ئەوانەی گوندەکان، باشترن.
- شوێن و ژینگە:
بوونی ژمارەیەکی زۆر لە بەساڵاچوان لەناو یەک هۆڵ، یان یەک خانوو، یان ژوورێکی بچووک وا دەکات شوێن و توانای جووڵەیان سنووردارکات، ئەوەش حاڵی بەساڵاچوانی ناو خانەکانە، ئەمەش زۆرە لەدەرەوەی وڵات و ئومێدەوارین زۆر نەگاتە وڵاتی ئێمە. دووبارە بە شێوەیەکی گشتی، بەساڵاچوانی ئێمە شوێنیان فراوانتر و کراوەترە، بە تایبەتی ئەوانەی لە گوند و دەشتەکان دەژین.
ئەو خاڵانەی سەرەوە پاش گەڕانێکی زۆر و بەراوردەکی زۆر، لێکدانەوەم بۆ کردووە.
ڕەنگە نموونەی پێچەوانە بێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەوە تێبینی خۆمە.
* پسپۆری فیسیۆلۆجی
مامۆستای زانکۆی هەولێری پزیشکی.