کۆنفرانسی ئابووری کوردستان لە واشنتن بەڕێوە دەچێت

هەوڵدەدرێت کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

لە واشنتن كۆنفرانسی ئابووری كوردستان بە بەشداری شاندێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و چەندین كۆمپانیا و سەرمایەداری ئەمەریكا بەڕێوەچوو. رێكخستنی ئەو كۆنفرانسە مەبەست لێی دروستكردنی ھەماھەنگییە لە نێوان كۆمپانیا بەناوبانگەكانی ئەمەریكا، بۆ ئەوەی لە كوردستان دەست بە وەبەرھێنان بكەنەوە. نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش لە واشنتن رایدەگەیەنێت، دەیانەوێ رێگە بۆ كۆمپانیا و سەرمایەدارە ئەمەریكییەكان خۆشبكەن بۆ ئەوەی وەبەرھێنانی خۆیان بێنە كوردستان.

بەیان سامی عەبدورەحمان، نوێنەری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە واشنتن بە كوردستان24 راگەیاند: "چەندین كونسوڵ و سەرمایەداری ئەمەریكی بەشداریان لە كۆنفرانسەكەدا كردووە، ئەو دیدارە ھەنگاوی یەكەمە بۆ رێگە خۆشكردن بۆ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان تا وەبەرھێنان لە كوردستان بكەن، دەبێ ھەوڵبدەین چەندین شاندی دیكەی كوردستان سەردانی واشنتن بكەن و بە پێچەوانەوە شاندی بازرگانی ئەمەریكیش سەردانی كوردستان بكەن".

لە شەڕی داعش، كورد یەكەم قوربانی بوو، لەلایەك وێرانبوونی گوند و ئاواییەكانی و شەھیدبوونی سەدان رۆڵەی كوردستان، لەلایەكی دیكە لە خۆگرتنی ملیۆنان ئاوارە. تائێستا كۆمەڵگەی نێودەڵەوتی قەرەبووی ئەو قوربانیانەی گەلی كوردستانی نەكردووەتەوە.

سەبارەت بە ھێنانی كۆمپانیاكانی ئەمەریكی بۆ كوردستان. عەبدوڵڵا ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر كە یەكێكە لە ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە دەڵێت: "داوا لە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەكەین، پێشانگایەكی تایبەت بە كۆمپانیاكانیان لە كوردستان بكەنەوە، چونكە كردنەوەی پێشانگا دروستكردنی پردێكە لەنێوان كۆمپانیاكان".

ساشا تۆپریج، لێكۆڵەر و مامۆستای زانكۆ بە كوردستان24 گوت: "گەندەڵی کێشەیەکی سەرەکییە هەم لە کوردستان و هەمیش لە عێراق، بەوهۆیەوە چەندین تریلیۆن دۆلار دیارنەماوە و خەڵك لەبەر ئەوە تووشی ئازار بووە. بەڵام خەڵکەکە ئێستا باس لەو کێشەیە دەکەن و پرسیاریان لەلا درووست بووە. ئێستا خەڵك لەجیاتی ئەوەی گرنگی بە ژیانی خۆیان و هێنانی خواردن بۆ سەر خوانەکانیان بدە، باسی ناکۆکی تایفی و کێشەکانی دیکە دەکەن".

ھ.م