ھونەرمەند سەعید گاباری كۆچی دوایی كرد

لە نەخۆشخانەیەكی ھەولێر لە ژێر چاودێری پزیشیكیدابوو

K24 - ھەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەعید گاباری، ھونەرمەندی بەناوبانگی كورد لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری ھەولێر كۆچی دوایی كرد.

زەردەشت حەمێ، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەولێر رایگەیاند: "كاتژمێر 4:30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھونەرمەندی گەورەی كورد سەعید گاباری لە نەخۆشخانەیەكی شاری ھەولێر كۆچی دوایی كرد".

گوتیشی: "بڕیاربوو ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە فڕۆكەیەكی تایبەت بۆ چارەسەر رەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا بكرێت".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان، لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمی سەعید گاباری لە گۆڕستانی مەلا ئۆمەر بە خاكدەسپێردرێت.

سەعید گاباری، یەكێكە لە ھونەرمەندە بەناوبانگەكانی كورد، چەندین ساڵ خزمەتی بە گەل و نەتەوەكەی كردووە، چەندین جاریش بەھۆی ھەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی لەلایەن دوژمنانی كوردەوە تووشی ئازار و ئەشكەنجە بووەتەوە.

سەعید گاباری لە ساڵی 1956 لەدایكبووە و خەڵكی شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان بوو، لە قۆناغە جیاوازەكانی شۆڕشەكانی كورد رۆڵی بەرچاوی ھەبووە و گۆرانییەكانی كاریگەری گەورەیان لەسەر ورەی پێشمەرگە و ھاووڵاتییانی كورد ھەبووە بەرامبەر دوژمنانی كورد.

سەعید گاباری خاوەن چەندین گۆرانی جیاوازە لە بوارەكانی گەلەری و شۆڕشگێڕی و ئەڤینداری. بەم دواییانە باری تەندروستی سەعید گاباری بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە تێكچوو، ئەمرۆ دووشەممە 4/5/2020 بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری ھەولێر كۆچی دوایی كرد.