هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ چارەسەرو بە دەنگەوە نەهاتنی ئەوان

هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ چارەسەرو بە دەنگەوە نەهاتنی ئەوان

 

لەكاتێكدا هەموو لایەنەكان خەریك بوون لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەیەكتر دەچوونە پێشەوە بۆ گفتوگۆكردن، هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، لێدوانیان دەدا و دەیانگوت: "چۆن پڕۆژەی دەستوورمان پێ هەڵوەشاندنەوە بە هەمانشێوەش ناچاریان دەكەین ملكەچ بن بۆ گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ئەگەر نا دەبێ لە هەولێریش دەریان بكەین". لەبیریان چوو ئەو کاتەی کە ئۆپۆزسیۆن بوون و دروشمێکیان هەبوو وەلایان نا کە دەیانگووت: "دەبێ هەموو ئەو یاسایانەی كە رەهەندی نیشتمانیان هەیە بە سازان بڕیاریان لەسەر بدرێت نەك بە زۆرینە و كەمینە"، كە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم یەكێكە لەو یاسایانە.

كۆبوونەوەی پەرلەمان لە 23ی حوزەیران مەترسیی و هەڵگەڕانەوە بۆ لەسەر بنه‌ما و پڕه‌نسیپی ته‌وافوق و سازان، ئەو بنەمایەی كە خودی سه‌رۆكایه‌تیی پەرلەمان و كابینەی هەشتەم لەسەری دامەزرابوون. بنەمای ئەو سازانەی كە چەندین ساڵە لە هەرێم پەیڕەو دەكرا و رێككەوتنی لەسەری کرابوو.

دوای شکستی کودەتای گۆڕان بە ئامانجی تێکدانی دۆخی کوردستان، لە هەوڵێکی دیکەدا هێرشیان کردە سەر بارەگاکانی پارتی لە زۆنی سەوز و نیلی و کادری پارتیان شەهید و بریندار کردن و بارەگاکانیان سوتاند، قوتابخانە و دامەزراوەکانی دەوڵەتیان پەك خست و مناڵی خەڵكیان فێری جێنو و بەرد هاوێشتن کرد، سلێمانییان خستە ئیرهابێکی فکری و هەوڵیاندا پێکەوە ژیانی جڤاکی و سیاسی و ئازادی سیاسی و رادەربڕین بەرەو کۆتایی ببەن.

بەداخەوە پاش کودەتای 23 حوزەیران بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بە هۆی سیاسەتەکانی پۆپۆلیستی و حزبی و عینادی و بە بیرکردنەوەیەك، بە ڕك و كینەوەو بۆ ماوەی دووساڵ یەك هەنگاویش لە هەمبەر داواکاری و هەر هەوڵێك کە بۆ کۆدەنگی و یەکڕیزی ناو ماڵی کوردی و ئامادەکاری بۆ پڕۆسەی دەوڵەت و رێفراندۆم کەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستپێشخەری بۆ کراوە نەهاتونەتە پێش و هەرکاتێک لایەنێکی سیاسی پڕۆژەیەک بۆ چارەسەریی کێشەکان لە گەڵ پارتی پێشنیاز کردبێت، بە رێگای کەناڵەکانی سەر بەخۆیان و سێبەرەکانییان هەڵـمەتی راگەیاندن دژی ئەو لایەنانە دەستیپێکردووەو هەموو داوایەكیان بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكە و دەرفەتدان بە تەوافوق رەتكردەوەو کە ئەوە لە ئەتەکێتی سیاسی کە ئەوان لێی شارەزانین و پێی نامۆن رەتکراوەیە و تێكدانێكی تەواوی ئەو متمانە و سازانە بوو كە خۆیشیان چەند ساڵ بوو بانگەشەیان بۆ دەكرد.  

لەم گوتارەدا هەوڵدەدەم بە هەڵسەنگاندنێکی مەنتقی و بەڵگە هەندێک راستی بخەمە روو

 

لە خولی سێیەمی پەرلەمان سەرۆکی هەرێم لە 2013-6-12 دا نامەیەكی ئاراستەی سەرۆكایەتیی خولی ئێستای پەرلەمان كردبوو، و تێدا هاتبو کە "داوا لە سەرۆكایەتیی خولی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان دەكەم، دوای هەڵبژاردنەكانی 21-9-2013 دەستبەجێ لە كۆبوونەوە دەستپێكییەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا بە زووترین كات میكانیزمێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەنە تەوافوق لەسەر هەمواركردنی پڕۆژەی دەستوور و ئالییەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم. ئەو كات هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو ئەمانەتەی رادەستی هەر بەڕێزێكی دیكە كە متمانەی گەلی كوردستان بەدەست دەهێنێت بکات"، بەڵام بەداخەوە سەپاندنی ئیرادەیەكی خۆسەپێنەر و گرێی دەروونی رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان بەرامبەر پارتی نەیهێشت پەرلەمان لەو کاتە رێڕەوی یاسایی خۆی بو ئەو نامەیەی سەرۆك وەربگرێت.

له‌سه‌ر رۆشنایی كۆبوونه‌وه‌ی سەرۆك له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان 

له‌ رێككه‌وتی 17-5-2014 جەنابی سەرۆك به‌ بڕیاری ژماره‌ (3) لە رێكکەوتی2014-6-3   كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دانوستاندن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق بڕیاریدا به‌ پێكهێنانی لێژنه‌ی دانوستاندنی هه‌رێمی.

بارزانی پیش رۆشتنی بۆ ئەمریکا دوو جار داوای لەحزبەکان کرد کەسێک دیاری بکەن بۆ جێگەکەی لە ماوەی یاسایی خۆی، و دوای گەڕانەوەی سەرۆك لە ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم حزبەکان، لە 18ـ 5ـ 2015 سەرۆك پێی راگەیاندن کە دەبێت تا پێش هەڵبژاردنی ئەمریکا ریفراندۆم بکەین، و ژووری عەمەلیات دروست بکریت بۆ "ریفراندۆم، پرۆژەی دەستوورو پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و ناردنی شاند بۆ لۆبیکردن دەربارەی ریفراندۆم."سەرۆك داوای لێکردن بە سازان و بەشێوەیەكی یاسایی و لێک تێگەیشتن پرسی سەرۆکایەتی هەرێم چارەسەربكەن، بەڵام بەهۆی ئەو كەشوهەوایەی بە رق و كینەوە دروستكرابوو، هەنگاوی بۆ نەنراو جارێکی دیکە ئەم هەوڵەش پەکخرا.

ئەگەر چی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان بە كۆدەنگیی 36 حیزبی كوردستانی لە كۆبوونەوەی حیزبە كوردستانییەكان لە كۆیە رێككەوتنی لەسەركرابوو. ئینجا لە پەرلەمانی كوردستاندا بە دەنگی 96 پەرلەمانتار پەسەندكرا، تەنها ئەوە مابوو گەلی كوردستان لە ریفراندۆمێكدا دەنگی لەسەر بدات، بەڵام لەپێناو گەشەپێدانی ئەو سازانەی کە دروست ببوو و دروستبونی متمانەی سیاسی نێوان لایەنەکان، سەرۆك رازیبوو پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان نەخرێتە ریفراندۆمەوە.

هەر بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆك کۆبونەوەیەکی لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی ئەو کاتەی پارلەمان لە 5ـ 4ـ 2015 ئەنجامی دا و پرسی دەستوور و بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم خرایە بەر باس و گفتوگۆ و وێڕای ئاماژەدان بەو تەحەدیانەی لەبەردەم هەرێمی كوردستاندایە، جەخت لەوە كرایەوە كە پێویستە لە هەموو دۆخێكدا یەكڕیزیی ناوماڵی كوردستان بپارێزرێت. لەو كۆبوونەوە دووپاتكرایەوە كە چارەسەركردنی كێشەكان پێویستە لەڕێی كۆدەنگیی نیشتیمانی و رەچاوكردنی بنەماكانی یاسا و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بێت.

20ـ 4ـ 2015 لە كۆبوونەوەی هێزە كوردستانییەكان جەنابی سەرۆک داوای لە لایەنەکان کرد کە لەسەر پرسی دەستوور و ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك بگەنە ئەنجامێك و پارلەمان و لایەنەكان بگەنە چارەسەر و دەستوور بگەیەنرێتە قۆناغی راپرسی. سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوایشی كرد "دەستوور بۆ گەل و وڵاتە و پێویستە بە گیانێكی نیشتیمانی و دوور لە موزایەدات چارەسەر بكرێت" و پەیوەست بە مەسەلەی سەرۆكایەتی جەختی کرد كە بابەتەكە لای لایەنە سیاسییەكانە و با پێكەوە بگەنە رێككەوتن و بڕیار لەسەر مەسەلەی سەرۆكایەتی بدەن.و لە بەیاننامەی لایەنەکان برگەی شەشەم هاتبو کە: سەبارەت بە مەسەلەی دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێم لایەنەكان جەختیان لەوە كردەوە دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێم پرسێكی نیشتیمانییە و دەبێ هەموو لایەنەكان بە نەفەسێكی نیشتیمانی و دوور لە گرژی و موزایەداتی سیاسی و راگەیاندن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و دەرفەت بەو لیژنەیە بدرێت كە لە لایەن پارلەمانەوە بۆ تاوتوێكردنی دەستوور هەڵبژێردراوە و هەروەها پرسی سەرۆكایەتیش لە چوارچێوەی یاسا و كۆدەنگیی لایەنە سیاسییەكان چارەسەربكرێت.

لە 13-6-2015 وەك ئەرك و پابەندبوون بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، داوای لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان كرد كە رێوشوێنە پێویستەكان بگرنە بەر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام وەڵامی كۆمسیۆن ئەوەبوو كە ناتوانێ هەڵبژاردن بكات.

لە 29ـ 6ـ 2015  داوای لە سەرجەم هێزو لایەنەکان کرد کە لە بەر بەرژەوەندیی گەل و وڵات و دوور لە بەرژەوەندیی حزبیی، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی وڵات و، هەروەها رەچاوكردنی هەلومەرجی ناسك و هەستیاری ئێستا كە وڵاتمان پێیدا تێدەپەڕێت، بگەڕێنەوە بۆ پڕه‌نسیپی ته‌وافوق و سازان، چونكە تەنیا بە سازان، پرسە نیشتیمانی و سەرەكییەكان بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمیشەوە قابیلی چارەسەرن.

لە 9ـ 8ـ 2015 سەرۆك داواییکرد لەبەرئەوەی کە تێڕوانینی جیاواز لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەیە. لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك پێشنیاری کرد کە ئەم بابەتە گەل یەكلایی بكاتەوە و راپرسی بكرێت لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك، چونكە خەڵكی كوردستان هەموویان حزبی نین و نابێ مافی خەڵك زەوت بكرێت و بۆچوونی خۆی بۆ دەرچوون لە ئەو قەیرانە لە چەند خاڵێکدا دەربڕی کە ئەمانەبوون:.

یەكەم: بۆ چارەسەركردنی كێشەكان خۆسەپاندن و شێوازی كودەتا هیچ ئەنجامێكی نابێت و قابیلی قبوڵیش نییە.

دووەم: هەموو حزبەكانی ناو حكوومەت و پارلەمان پەلە بكەن لە ڕێككەوتن لەسەر چارەسەرێك بە سازان كە لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتیماندا بێت.

سێیەم: ئەگەر نەگەیشتینە سازان دەبێ بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە بچین.

دیسان لە 16ـ 8ـ 2015 بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە سەرۆك بە پەیامێك داوای لە هەموو ئەو حزبانە کرد كە لەناو حكوومەت و پارلەمانن و ئەوانەی مۆڵەتی یاساییان هەیە، كە بەر لە 20ـ ی 8 كۆ ببنەوە و هەرچی بە باشی بزانن و بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەكە و كۆتایی هێنان بە قەیرانەكە بڕیاری لەسەر بدەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت.

بەبۆنەی جەژنی قوربانیش لە رێكکەوتی 2015-9-2 سەرۆك بارزانی پەیامێکی تری ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان کرد و تێیدا دوپاتی کردەوە کە "دوور لە هەموو جۆرە عاتیفە و كاردانەوەیەك داوا لە هەموو حزبەكان دەكەم ئەوانەی بەشداری پارلەمانن و هەموو ئەو حزبانەی مۆڵەتیان هەیە كە ئەگەر لە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لە ماوەیەكی كورتدا نەگەیشتنە ئەنجامێك، كۆببنەوە و بە باشی بیرلە دۆزینەوەی چارەسەرێكی واقعیانە بكەن كە قەیرانەكان قووڵتر نەبنەوە و بە تایبەتیش گرفت لە شەڕی دژی داعش دروست نەبێ، من زۆر بە باشی لە سەروەریی یاسا تێدەگەم و دەبێ زیاتر لە هەموو كەسێك رێز لە یاسا بگرم".

ئەمجارەش چوار داواکاری و پێشنیاری ئاراستەی لایەنەکان کرد کە ئەمانە بوون:

1- داواكارم چیتر مانەوە و نەمانەوەی من تێكەڵی ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك و دەسەڵاتەكانی نەكرێت، چونكە دوو بابەتی لێك جیاوازن.

2- پێشنیار دەكەم هەموو حزبەكان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە بەر لە 2017 دەسەڵاتەكان و میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك لە دەستووردا یەكلایی ببێتەوە و بڕیاری كۆتایی بۆ گەل بێت.

3-بۆ ئەو ماوەیەش و بۆ سەرۆكایەتی چۆن بە باشی دەزانن با بڕیاری لەسەر بدەن. بڕیارەكە هەر چۆنێك بێت، چ بەردەوامبوونم بێت لەسەر ئەركەكانم هەتا هەڵبژاردن. یان لەسەر بەڕێزێكی تر رێك بكەون بۆ ئەوەی ئەمانەتی سەرۆكایەتیی رادەست بكەم بۆ ئەوەی چیتر خەڵكی كوردستان بەم بابەتە سەرقاڵ و ماندوو نەكرێن.

 

لە پەیامێکیتر دا کە بەبۆنەی پیرۆزبایی ساڵی نوێی 2016 زایینی ولەپێناو چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لە پڕۆسەی سیاسیی و لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی كوردستان بۆ ئەوەی گرفتەكان نەمێنن، جەنابی سەرۆك داوایکرد پارلەمان و حكوومەت لەسەر بنەمایەكی تازە دەستبەكار ببنەوە.

و سەبارەت بە بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێمیش داوای لە هەموو حزبە مۆڵەتپێدراوەكانی هەرێمی كوردستان کرد كە لەگەڵ یەكتردا كۆببنەوە و كۆتایی بەم بابەتە بهێنن. و سێ پێشنیاری خستنە روو:

1-یان بڕیار لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی سەرۆك بدەن یان لەسەر دەستنیشان كردنی بەڕێزێك رێك بكەون كە هەتا هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017 ئەركی سەرۆكایەتیكردنی هەرێم بگرێتە ئەستۆ. یانیش بڕیار لەسەر ئەوەبدەن تاوەكو هەڵبژاردنەكانی 2017 بارودۆخەكە بەوشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوەش لەبەر شەڕو ئەو دۆخە تایبەتەی كە كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت.

26ـ 1ـ 2016 سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گۆڕینەوەی راوبۆچوون لەسەر پرسە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان و گەییشتن بە كۆدەنگی و دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ گرفتەكان و نوێنەری پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان باسی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستانی كرد و داوای لە ئامادەبووان كرد كە لە كۆبوونەوەكەدا بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە بیر لە چارەسەركردنی بارودۆخەكە بكەنەوە و بە پێویستی زانی كە دوور لە موزایەداتی سیاسی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم چارەسەربكرێت.

بەشداربووانی كۆبوونەوەكە لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە پێویستە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكان هەرچی زووترە پارلەمان كارا بكرێتەوە و زەمینەیش بۆ ئاشتەوایی سیاسی نێوان لایەنەكان خۆش بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیار درا كۆمێتەیەكی تایبەت پێك بهێندرێت كە ئەركەكەی بریتی دەبێت لە زەمینەسازی بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و حكوومەت و چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی و سەرخستنی ڕیفراندۆم. هەروەها ئەو كۆمیتەیە لە ماوەی حەفتەیەكدا كارەكانی تەواو دەكات و ئەنجامەكانی دەخاتە بەردەم كۆبوونەوەی داهاتووی پارتە سیاسییەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

لەپێناو چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمدا هاتوونەتە پێش، رۆژی

 2016-11-20، لە پەیامێکدا بۆ رای گشتی، هەڵوێستی  خۆی جارێکی دیکە ڕاگەیاند و داوای لە حزبەکان کرد بکەونە گفتوگۆ و بگەنە رێککەوتن و دیدی خۆی خستەڕوو لەم چەند خاڵەدا.

1-حزبەكان بكەونە گفتوگۆو پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتیێكی تازە بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت. چونكە بۆ هەموو لایەك ڕوونە، ناكرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆكایەتیی پارلەمان بگرنە دەست.

2-حزبەكان لەسەر ئەوە رێك بكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت.

3- کەسێك  بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ. جەختی کردەوە کە بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدات، هەرچەندە دوای ئەو پەیامە چەند دانیشتنێک لەنێوان حزبەکان بەڕێوەچووە، بەڵام هیچ دەرئەنجامێکی لێ دەرنەکەوت.

سەرۆك بە دەیان جار بە فەرمی و نافەرمی بە لایەنەکانی گوتووە کە ناوچەكە لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە و گەلەكەمان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و لەبەردەم دەرفەت و هەڕەشەی گەورەدایە، گەلی كوردستان ئێستا لە هەموو كات زیاتر داوای یەكڕیزیمان لێ دەكات. بۆ رەوشی ناوخۆیش لەسەرهەموومان پێویستە، هەوڵی باشكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان بدەین و سوود لە دەرفەتەكانی ئێستا وەربگرین.

هەموو ئەم پەیامانە هەبوون بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان نەك هەر ئامانجی کاراکردنەوەی پارلەمان نیە و نەبووە بەڵکو هەر هەوڵێکیش بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان درابێت بە رێگایی گووتاری راگەیاندنی توند لەسەر لایەنەکان و بەیاننامەی دوور لە ئەتەکێتی سیاسی بە دوو وشە هەموو هەوڵەکانی کاراکردنەوەی پەرلەمانیان تێکداوە، بەداخەوە هەڵپەی سەپاندنی ئیرادەی دوور لە تەوافوق و هەوڵدان بۆ رووشاندنی هێز و كەسایەتی و رەمزە سیاسییەكان لەپێش چاوی خەڵكی كوردستان، وای لێكردن کە پڕوپاگەندە بکەن کەئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و کۆتایی هێنان بە ژێر دەستەیی لەم رێگەیەوە، پروژەیەکی کەسیی و بە تاڵانبردنی سامانی نشتیمانی و خیانەتی نشتیمانییە.

ئەوان دەنگی گەل بە ناشەرعی و دەنگی خۆیان بە کورد پەروەری و نیشتیمان پەروەری دەزانن!

فەرزکردن و خۆسەپاندنی بۆچوونی کەمینەیەکی حزبی بە دیموکراسی و هاودەنگی و نزیکبوونەوەی لایەنەکانی دیکەش بە دیکتاتۆرییەت و حزبچێتی دەزانیت! ئەگەر لەگەڵیان بی حزبێکی دیموکراسی و لەبەرژەوەندی خەڵک کاردەکەیت، ئەگەر لەگەڵیان نەبی حزبێکی ناشەرعی و هاوئاوازی پارتی و نادیموکراسی!

بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی دەیانەوێت راستییەكان پێچەوانە بكەنەوە و وا پێشانی خەڵكی بدەن كە پارتی  دژی بنەماكانی دیموكراسی و یاساین و خۆیان پارێزەری یاسا و دیموكراسین.

ئەوە لە حاڵێكدایە كە سەرۆك بە روونی داوای هەڵبژاردن و چەندین جار داوای سازان و چارەسەری لە لایەنەكان كردووە و ئامادەش بووە بۆ جێبەجێكردن و پابەندبوون بە یاسا، ئەوانیش هەمیشە خۆیان لەم پەیامانە لاداوە و هەوڵی بەلاڕێدابردنی پرسەکان و دەستپێشخەرییەکانییان داوە لەپێناو گەوجاندنی خەڵك

ئایا ئەم هەموو دەستپێشخەرییەی سەرۆك، مانای ئەوە بووە كە سەرۆك دەیەوێت لەسەر كورسی بمێنتەوە؟ یان بەو مانایە بوو وڵاتەكەمان ببێتە خاوەنی دەستوور و پڕۆسەی سیاسی لە دەنگی گەل و سازاندا بەرجەستە ببێت؟.

سەرۆك دەیویست بەو شێوەیە بە گفتوگۆ و سازان لەسەر هەموو یاساكان و پرسەکان رێك بكەوین و ئەو ئامانجەی چەندین نەوەیە بۆی تێکۆشاوین پێی بگەین، ئەویش سەربەخۆیی کوردستانە کە هەموو هەوڵێکیداوە میللەت یەکڕیز بن تا بە دەستی بهێنین.

بابەتی زیاتر