دەربارەی: نووسەرانی ئەوان و نووسەرانی ئێمە

دەربارەی: نووسەرانی ئەوان و نووسەرانی ئێمە

کتێبی: (ئاوگوست ستریندبێرگ– بیۆگرافیا و ڕاڤەکردن) (1849 - 1912) لە نووسینی (دانا ڕەئووف)م خوێندەوە، جگە لە تام، زانیاری زۆرم لێیوەرگرت و لێشییەوە فێری زۆر شت بووم. لەراستيدا، ئەگەر هەموو کوردێكی خوێندەوار کاتی نەبێت یان نەتوانی ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، دەبی هەموو نووسەر و رۆژنامەنووس و هونەرمەندانی کوردستان ئەم کتێبە بخوێننەوە، بۆئەوەی لە ژیان و بەرهەمی نووسەرێکی مەزنی نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە بگەن.

ئاوگوست ستریندبێرگ، یەک لە نووسەرە هەرە ناودارەکانی سەردەمی خۆی نەک تەنیا سوید، بەڵکو هەموو ئەوروپا بووە، دەیان رۆمان، شانۆ، دیوانی شعری نووسییە و لە وێنەکێشان دەستی ڕەنگین بووە و پیشانگای لە پاریس بۆ تابلۆکانی خۆی کردۆتەوە، رێژیسۆری شانۆ بووە و کۆمەڵێک زمانی زانیوە، هەندێک بەرهەمی خۆی، جگە لە زمانی دایک سویدی، بە زمانەکانی ئەلمانی و فەرەنسیش نووسییە. هەر لەسەردەمی خۆی، کتێبەکانی بۆ زمانەکانی ئەوروپی و بەتایبەتیش ئینگلیزی، ئەلمانی و فەرەنسی وەردەگێڕدران و بازاڕیان زۆر گەرم بوو. لە یەک کات، شانۆکانی لەسەر سه‌كۆ هەرە بەناوبانگەکانی ئەودەمی فەرەنسا، ئەلمانیا، بەریتانیا، سوید و وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپا نمایش دەکران.

هەر بۆ نموونە تەنیا لە ئەڵمانیا: لە ساڵی 1911 لە وەرزی شانۆیی شانۆکارانی ئەلمانیا، تێکڕا 127 جار شانۆنامەکانی ستریندبێرگ پێشکەش کران، ساڵی 1912 ژمارەی نمایشەکان دەگاتە 281 جار، وەرزەکانی 1915 – 1916 نزیکەی 789 جار و ساڵانی 1922 – 1923 بەیەکەوە 1024 جار شانۆکانی ستریندبێرگ پێشکەش کران. لە فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپیش، شانۆکانی بەردەوام لە چەند شوێنێک نمایش دەکران. ستریندبێرگ، رۆژنامەنووسێکی زۆر بەتوانا بووە و دەیان رێپۆرتاژی نووسیوە، سەدان گوتاری بۆ رۆژنامەکانی جیا جیای فەرەنسی، سویدی، ئەلمانی نووسیوە. ئەو کاری زۆری لەسەر زمانیش دەکرد. برادەرایەتی لەگەڵ نیچە و زۆربەی نووسەرانی دیکەی سەردەمی خۆی هەبووە.

من تەنیا لە ڕێگەی ئەم کتێبەی دوایی ئاشنایەتیم لەگەڵ بەرهەم و ژیانی ستریندبێرگ نەبووە، بەڵکو پیشتر و لەکاتی نووسینی دوو بابەت: (ڕۆژنامەنووسی بەدواداچوون) لەگەڵ (ژانری ڕێپۆرتاژ) هەندێک لە بەرهەمەکانی ستریندبێرگم خوێندۆتەوە و وەک سەرچاوە بەکارم هێناون.

سترینگبێرگ، نووسەرێکی پڕ بەرهەم بووە و تەواوی بەرهەمەکانی لە 72 بەرگی ئەستور چاپکراین، کە پێکهاتوون لە: رۆمان، شعر، شانۆ، چیرۆک، توێژینەوەی زانستی...هتد. ئەو یەک لەو نووسەرانە بووە، رۆژانە نامەی نووسیوە. لەنێوان 1857 – 1912 نزیکەی دە هەزار نامەی بۆ 600 کەسی جیا نووسیوە و هەموو نامەکانی لە 20 بەرگ چاپکراین.

خەڵکێکی زۆر چاوەڕێیان دەکرد، ستریندبێرگ خەڵاتی نۆبلی لەلایەن ئەکادێمیای سویدییەوە پێبدرێ، بەڵام ئەو خەڵاتەی قەت پێنەدرا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی، لە ساڵی 1910 لیژنەیەک لە چەند نووسەر و رۆژنامەنووس و کەسانی دیاری بواری فەرهەنگی سوید پێکبێن و پارەیەکی زۆری بەناوی: (خەڵاتی میللەت) بۆ کۆبکەنەوە و پێیبدەن، بۆئەوەی تا ئەو لەژیاندایە، پێویستی بە کارکردن نەبێت و تەنیا خەریکی نووسین بێت. لەماوەی دوو ساڵ توانییان (45000) کرۆن، بە پارەی ئێستا نزیک لە دوو ملیۆن کڕۆن (250 هەزار دۆلار)ی بۆ کۆبکەنەوە. سترینگبێرگ ئەم پارەیە چەند مانگێک پیش مردنی وەردەگرێت و بەسەر چەند ڕێکخراوێكی خێرخوازی دابەشی دەکا.

لەوکاتەی تەمەنی دەگاتە شەست ساڵ (1909) نزیکەی 15 هەزار کەس لەبەردەرگای ماڵی ئەو کۆدەبنەوە و پیرۆزبایی جەژنی لەدایکبوونی لێدەکەن و هەزاران گوڵی پێشکەش دەکەن.

ستریندبێرگ، یەک ساڵ پێش مردنی 1911 تەواوی بەرهەمەکانی بە دەزگای چاپ و پەخشی بۆنیێر بە 200 هەزار کڕۆن (نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری ئێستا) دەفرۆشی.

ئەوەی لە خوێندنەوەی کتێبی: (ئاوگوست ستریندبێرگ– بیۆگرافیا و ڕاڤەکردن) زۆر منی سەرسامکرد و نهێنیێکی تازەی بۆ ئاشکراکردم ئەوەبوو، کە من پێشتر نەمدەزانی ئەم نووسەرە گەورەیەی سەردەمی خۆی بەردەوام و تا چەند ساڵێک پێش مردنی بە هەژاری ژیاوە، هەرچەندە بۆ پێشکەشکردن و چاپکردنی هەموو بەرهەمێکیش مافی خۆی پێدراوە، بەڵام پارەکان زوو لای ئەو تەواو دەبوون، لەگەڵ ئەوەش هەموو نووسینەکانی ستریندبێرگ سەراوبن بکە، بەیەک وشە گلەیی لە گەلی سوید تێدانییە، گلەیی لە حکومەت و پەرلەمان و حزب و ڕێکخراوە مەدەنییەکان تێدانییە، کە ئەوان بەهانایەوە نایەن، خزمەتی ناکەن، یارمەتی ماددی نادەن یان خەڵاتی نۆبلی پێنادەن، لەهەمان کات، ستریندبێرگ، بیویستبا یان نەیویستبا، شانازیێكی گەورەی وڵاتەکەی بوو و بەتایبەتیش، کە بەرهەمەکانی ئەو لە تەواوی ئەوروپا بڵاودەکرانەوە... ئەو دەینووسی، چونکە دەیویست بنووسی، کاری دەکرد، چونکە دەیویست کار بکات و منەتی بەسەر کەس نەدەکرد. کەسی بە قەرزاری خۆی دانەدەنا و خۆشی بەردەوام لەناو قەرز نقوم بووبوو.

من ئەو گوتارەم نووسینی، بۆئەوە نییە، کە من ژیاننامەی ستریندبێرگ بۆ خوێنەری کورد بنووسم، چونکە هەر بەزمانی کوردی پێش ئەو کتێبە زۆر باشەی کاک دانا ڕەئووف، نۆ کتێبی دیکە لەسەر ستریندبێرگ هەن، بەڵکو ئەوەی من لێرە دەمەوێ بینووسم: زۆر لە نووسەرانی کورد یان کەسانی بواری فەرهەنگ، یەک دوو کتێبی زۆر سەقەت دەنووسن، چەند گوتارێکی خراپ دەنووسن، یەک شانۆی وێران پێشکەش دەکەن، یەک فیلمی بێ سەرەتا و کۆتایی بەرهەم دێنن، هەزار و یەک گلەیی لە حکومەت و حزبە کوردییەکان دەکەن، کە بەهانایانەوە نایەن. دەستیان ناگرن و یارمەتییان نادەن. هەموو خەڵک، هەموو میللەت بە قەرزاری خۆیان دادەنێن، لەگەڵ ئەوەش نەک تەنیا لە جیهان بەڵکو لە شارەکەی خۆشیان خۆشەویست نین یان ناوبانگیان نییە. باس لەو نووسەرانە هەرناکەم، ماڵ و ئۆتۆمبیلیان دەسوتێنن، خۆیان بەرشەق دەدەن، خۆیان دەفرۆشن، درۆ و بوختان هەڵدەبەستن، بۆئەوەی باسبکرێن و یارمەتی ماددیان بدرێ.

بابەتی زیاتر